جەژنت پیرۆز بێ بە دڵێکی خۆشی
|
شەرابی عەیشی و سەفا بنۆشی
|
ئیمڕۆ ڕۆژەکەی جەژنی قوربانە
|
ڕۆژی شادییە و دەس لە ملانە
|
با یەکتر بکەین گەردەنازادیی
|
نەوەک ڕوو بدا لەپڕ جودایی
|
برا ئەتەوێ بەڕاستی بژین
|
تێرتێر دوو لێوی یەکتر بمژین
|
ئەمە قانوونی جەژنی قوربانە
|
لە بەینا ئیتر دڵگیر نەمانە
|
تا لە کارایە دەورانی فەڵەک
|
وەک برا بژین بگرین دەستی یەک
|
برام خێراکە هەتا فرسەتە
|
بڕۆن بۆ لای یەک دەستە بە دەستە
|
ئەمجا دەی ساقی پڕ کە جامی مەی
|
بەیادی جاران لێوە پەیاپەی
|
موتریب تۆیش خێرا بە نەڕەی کارنەی
|
کێ ئەزانێ سەبرم کەی بووە کەی کەی
|
لێ دە دەخیلە بێ ترس و بێباک
|
بام ئەم حەسرەتە نەبەینە ژێر خاک
|
لێ دە موقابیل گەردن بلوورێ
|
چۆن جەژن بێ پێک بۆت هەڵئەسوڕێ
|
لەو شەرابەی وا بێ دورد و سافە
|
بەوێنەی گۆنای کەنیشکەجافە
|
بەیانی جەژن پێش وەقتی سەڵا
|
لێ دە جامی مەی عیللەت لا ئەبا
|
ئەووەڵ ڕۆژ لێ دە شەرابی گوڵڕەنگ
|
تاکوو لە جەژنا نەمێنێ دڵتەنگ
|
نەوەک شەرابێ بدا سەرخۆشی
|
بەجارێ دونیا و دینت بفرۆشی
|
لەو شەرابە بێ کە وا ڕەنگ ئاڵە
|
بە هەر چوار مەزەب نۆشی حەڵاڵە
|
هەموو دۆستێکم جەژنە پیرۆزی
|
پیرۆز بێ یاخوا لە گشت ئازیزی
|
عورفی بێ چارەیش لە کونجی خەڵوەت
|
بمێنێ دائیم بۆ دەرد و میحنەت
|