جەژن و تەرەب و شادییە ئەییامی بەهارە
|
وادەی گوڵ و بادەی مول و ناڵینی هوزارە
|
تا مەددی نەزەر سەبزە و گوڵزارە سەراسەر
|
نوورین و موعەتتەر بە ڕوخ و زولفی نیگارە
|
ئەحباب هەموو جەمعە لەبن سێبەری دارا
|
سەحرایە تەماشایە لەبۆ جوی و کەنارە
|
مەعشووقە بە کامی دڵە المنةلله
|
خوسرەو کە ئەڵێن، نەیبووە ئەم بووس و کەنارە
|
عاشق دڵی وەک مەجمەرە پڕ ئاگر و پشکۆ
|
مەجنوون سیفەت و بێ خەبەر و سەبر و قەرارە
|
ساقی وەرە ئاوێ بەسەر ئەم ئاگرەدا کە
|
ڕۆحم بە فیدای گەردوشی ئەم چاوە خومارە
|
ڕیشەی دڵ و جەرگم بە غەم و غەمزە بە جارێ
|
دەرهاتووە بۆم تێکە شەرابێکی دووبارە
|
لەو ئاوە کە تریاکە ئەبا زەهری غەمی دڵ
|
لەو ئاوە کە وا مەسقەلی ئەکدار و غوبارە
|
دەرمانی غەم و دەردی دڵن ساقی و موتریب
|
خۆزگەم بە کەسێ مەی لە یەمین نەی لە یەسارە
|
ئازا بە، بە خۆڕایی نەچێ عومری عەزیزت
|
بێ ساقی و مەی، موتریب و نەی سەرفی خەسارە
|
مشتێکە نموونەی غەمی دڵ دێنمە دەفتەر
|
وەرنە غەمی سابیر بە عەمار و بە تەغارە
|