جەژن و شادیمانە ئەمشەو هاتەوە یاری لەزیز
|
زیرەک و شیرین زوبان و ماهی ڕوخساری لەزیز
|
تا بڵێی خوڵقی حەسەن، نازک بەدەن، نادر دەهەن
|
نیمنیگاهی نازی چاوی مەست و بیماری لەزیز
|
سوورەتی گوڵ، فێنکی دڵ، چاوی کاڵ و لێوی ئاڵ
|
گیانی سەرتاپا بلوور و مەیل و ڕەفتاری لەزیز
|
چاوی بیماری، حەکیمی حازقی دەرد و مەرەز
|
هاتن و تەشخیس و فکر و حوبب و ئازاری لەزیز
|
ناکەسم سەردانەنێم بۆ بەردەبازی ڕێگەکەی
|
یا نەکەم ڕۆحم فیدای یاری وەفاداری لەزیز
|
هاتە باڵینم تەبیبە، تێگەیی دەرد و دەوام
|
خوا دەوامی دا، دەوامی دا بە گوفتاری لەزیز
|
دەستی نایە سەردڵم فیلفەور ئازارم نەما
|
هیچ کەسێ نەیدیوە بەم دەستوورە دڵداری لەزیز
|
سابیری جەژنت موبارەک بێ حەکیمت هاتەسەر
|
حبذا بوس و کەنار و یار و شەوگاری لەزیز
|
سابیرا شوکرانە ببژێرە لەسەر ئەم نیعمەتە
|
بەڵکوو تا ماوی بمێنێ لەززەتی یاری لەزیز
|