حیکمەتی خوایە هەنێ کەس تووشی دەردی میللەتە
|
ئاخری لەو ڕێیە بەشیان ئاخ و داخ و حەسرەتە
|
دەربەدەر بوون و پەرێشانی و وێڵی سەر کزی
|
چوونە بەندیخانەوە، مردن بەسی پاو و پەتە
|
گەرچی ئەو جۆرە کەسانە بۆ خۆیان ناکەن ئۆخەی
|
بۆ بڵندیی ژووری گەلیان، پێوەبوونیان ڕەحمەتە
|
وا نەبی وا نابێ دونیا تاکو ئەمڕۆ وا بووە
|
پیاوی مێشک ڕوون و زانا، هەر لە ڕەنج و ئەزیەتە
|
مەردی مەیدانی سیاسەت مردنی نایێتە بیر
|
نێرەشەک بۆ کوشتە، مێ تا دەمرێ بۆ خۆی ڕاحەتە
|
گەرچی زوو دەمرن نیشانگای غەم و دەرد و بەڵان
|
ناویان تا حەشر ئەمێنێ جێو و ڕێیان جەننەتە
|
پاشی چەن پشتێ نەوەی پاوانی گەل لێیان ئەگەن
|
ماچی کێلی گۆڕییان ئەوسا بەنۆرە و نەوبەتە
|
هەیکەلیشیان بۆ دەکەن، پۆل پۆل دەچن بۆ دیدەنی
|
لاپەڕەی تاریک بەنیشانەی ئەمانە حەسرەتە
|
ئەو گەلانەی ژوور و گەورەن کوشتییان زۆر زوو
|
ڕۆڵەیان ئێستاکە بۆیە غەرقی ناز و نیعمەتە
|
پیاوی کردەی گەل بەپەنجە دائیمەن دیاری ئەکەن
|
ڕاست نییە ئەو گفتە مەشهوورە سیاسەت سیاسەتە
|
زیندەوەر کۆتایی هەر دێ، ساکە وایە مردنێ
|
بۆ گەل و نیشتمانی چا بێ، ئەو نەمانە عیززەتە
|
کۆنە پیاوانمان نەزان بوون، بۆ خۆیان ئاسوودە بوون
|
وا ئەوەی دوای ئێمە دێ، ئاسوودە وو بێ میحنەتە
|
چارەچیی ئەم بارە کەوتە سەر پیاوی حازری
|
چارەنووسمان وا بووە، بۆ ئێمە بێ ئەم پەت پەتە
|
ڕاستە ئەم گوفتەت ئەسیری خستتە هەڵبەستەوە
|
حیکمەتی خوایە هەنێ کەس تووشی دەردی میللەتە
|