حیکمەتی دەرکەوتن و ون بوونی خۆر و شەبپەرە
|
ئەم خوداپێداوە، ئەو بێ تالع و ئاخر شەڕە
|
تاج و تەخت و نیعمەتی بەخشی بە پاشا زولجەلال
|
شەو لە برسا ناخەوێ دەروێشی بێ لێفە و بەڕە
|
داری توو هەردوو بە یەک ئاب و زەمینێ سەوز ئەبێ
|
داری تۆ بەردار و خۆ بەر داری ئێمە تووی زڕە
|
هەردوو هەنجیرن ئەگەر کێویلە گەر هەنجیری باغ
|
ناوی شاهەنجیرە باغی ئەو تریش کێوی و کەڕە
|
مەڕمەڕم دی بێ گوناهـ وەستا فڕێی دایە خەلا
|
مینەر و میحڕابی مزگەوتیش ئەکا لەو مەڕمەڕە
|
باز بە ناز گۆشتی قەڵەو ئەخوا بە دەستی شاهەوە
|
پاشماوەی گورگ و سەگ خۆراکی زاغ و سەرگەڕە
|
ئەهلی دین حەرفی جەڕە شەیتان کە بەو مەجڕووڕ ئەبێ
|
حەسرەتا ئێستا کە تۆ مەجڕووڕی ئەو حەرفی جەڕە
|
دڵ کە حەوزی فیکری خوا زیکری زوبانە جۆگەلەی
|
حەیفە بۆتە جێ گەلە، زیکریش هەموو بزن و مەڕە
|
دڵ کە حەوزی ڕەحمەتە زیکری زوبانە جۆگەلەی
|
دڵ کە بۆتە جێی گەلە زیکری زوبان بزن و مەڕە
|
ئەو خوداناسانە وا تەوعیزی ئەجناسیان دەکرد
|
ئەکسەری ئەولادییان ئێستاکە زۆر ناباوەڕە
|
يا الهي فتحي بابي نیمە تابی سێ عەدوو
|
ئەووەلەن مەندووب و سانی جۆرج و سالس مێجەرە
|
حەق تەعالا حەزرەتی نووحی لە تۆفان دا نەجات
|
غەرق ئەبێ وەک پسەری، بێ شک کەسێ ناباوەڕە
|
نەوعی لوقمان و ئەرەستوو بۆ عیلاجم مات ئەبێ
|
تۆ دەڵێی پوستەی عەسەل دەرمانی بەرگ و پارە
|
عەشق نازانێ وجوودی ئاگر و تۆفانی چەرخ
|
ئەی برادەر گەر بە ئیبڕاهیم و نووحت باوەڕە
|
قەت غەمی مەرگت نییە هەر هەوڵی نان و بەرگتە
|
عومری گەنجی تێپەڕی، تێپەڕ نەبووی لەم لاپەڕە
|
شەو تەواوبوو سابیری گریانی تۆ نەبڕایەوە
|
هەڵسە وەختی بانگ و نوێژە بۆ جەماعەت ڕاپەڕە!
|