حەبیبا خۆت ئەزانی بۆ لە عالەم بێموبالاتم
|
لە تفڵی سینەڕیش و دڵ بە ئێش و سەر بە سەوداتم
|
ژیانی من لە عەشقی تۆ مەزانە غیرەتی خۆمە
|
سەبەب وا بوو بە منداڵی لە دەردی عەشق ڕاهاتم
|
لە حاڵی نەوجەوانیدا جوانی تۆم موسەللەم بوو
|
لە مەولا چۆن بەلایێ ڕوو بکەم شەیدایی باڵاتم
|
دەمێکە بەندی چینی پەرچەم و پێچاوی کاکۆلم
|
بە دائیم زار و خەستە و دەست بەستەی زوڵفی تاتاتم
|
سەری خاڵی لە سەوداکەت چلۆن سەودا ئەکەم جانا
|
سەری بازاڕی ئەغیارم نییە، موحتاجی کاڵاتم
|
سەراپا گەر هەمووم عەیبە لە جاهی تۆ چ کەم نابێ
|
ئەگەر ڕەحمێ بکەی چونکی غەریبی ژێری دەرگاتم
|
گەدازادەی تووە سافی حەقی ئازادییە قوربان
|
خەڵاتم گەر سیاسەت بێ، بە مەمنوونی ئەوا هاتم
|