حەبیبا نووری ڕوخسارت لەباتی بەرگ و نیعمەتمە
|
تەبیبا چاوی بیمارت دوایی دەرد و عیللەتمە
|
ئەگەرچی خار و سووتاوم لەبەر چاوت بیحەمدیللا
|
هەموو عالەم دەزانێ مایەیی فەخر و سەعادەتمە
|
لە شمشێری برۆت ترسم نییە سەدجار نیشانم دەی
|
لە ڕیشەی جەرگ و دڵ کالانی ئەو شمشێرە سەنعەتمە
|
بە شمشێری برۆ گەر بمکوژی یا تیری موژگانت
|
مەداری ئیفتیخارە هەم سەعادەت هەم شەهادەتمە
|
لەبەر خورشیدی حوسنت دائیمەن وەک زەڕڕە ڕەقسانم
|
لە شەودا هەروەکوو پەروانە خۆ سووتانن عادەتمە
|
بە نووری حوسنی سەرتاپا وجوودم گەر بسووتێنێ
|
کە بمهاڕێتەوە وەک کل بەسەر جێگایی عیززەتمە
|
لەهەر شوێنێ کە دانیشتی بەهەشت و حۆری پەیدایە
|
دەمێ ون بی لەبەر چاوم وەکوو ڕۆژی قیامەتمە
|
کە یووسف هاتە نێو بازاڕ هەمووکەس تالیب و کڕیار
|
منم بێ دەرهەم و دینار، غەزەلخوانی بەزاعەتمە
|
بە بێ حیکمەت نییە سابیر وەکوو قەیسی بەنی عامیر
|
بە ڕۆژ والشمسە ئەورادم، بە شەو واليل تاعەتمە
|