حەقمە دائیم گەر بناڵم من بە ئاهـ و دەردەوە
|
دابڕێژم ئەشکی حەسرەت بەم هەناسەی سەردەوە
|
شەرتە شەرتی پیاوی مەردان گەر خودا یاریم بدا
|
تاکوو ماوم نەچمە کۆڕی مەجلیسی نامەردەوە
|
شەرتی ئینسان ئیعتیقادی دین و ئایینە بە حەق
|
دینپەرەستی نەک بە تەنها قەولە بەڵکوو کردەوە
|
یاخۆ بەختی شووممە ئەستێرەیی بەختم کزە
|
یا غەڵەت نووسرا بە دەستی چەرخەکەی چەپگەردەوە
|
ساحەبی دین و وەفا ڕووسووری لای قاپیی خودا
|
ئافەرین بۆ ئەو کەسانەی گۆی هونەریان بردەوە
|
کاکی خۆم مەعلوومە خوا ڕاستە و بەڕاستی هەر بووە
|
بۆچ قسەی ڕاستی بمێنێ هەر لە ژێری پەردەوە
|
زۆری وامان دی بەناوی خزمەتی خير العمل
|
زۆر کەسیان ناحەق لە دینی ئەحمەدی لابردەوە
|
ڕۆژی خۆی دێ هەر دوو لا ڕوو کەینە دیوانی جەزا
|
من بە ڕووسووری جەنابی ئەو بە ڕەنگی زەردەوە
|
عورفی مەعلوومە لەلای خوا شاعیرێکی عارفی
|
حەشری تۆ بکرێ لەگەڵ تەلحە و زوبەیر و سەعدەوە
|