حەمد ئەکەم بۆ خالیق و پەروەردگاری ئینس و جان
|
وا بە لوتفی خۆی بە ئێمەی داوە عەقڵ و دین و جان
|
ئەو خودا وا تاک و پاک و بێ شەریک و بێ غەمە
|
بێ نیاز و ڕازقی هەشتا هەزار نەوع عالەمە
|
فەرد و بێ فەرزەند و زەن، هەم بێ وەزیر و باب و داک
|
واحید و بێ جیسم و سوورەت، هەم لە نەقس و عەیب پاک
|
خەلقی کرد في ستةالايامی ئەرز و ئاسمان
|
هەم بە قودرەت ئەو موحەممەد مستەفای بۆ کرد بە جان
|
عالیم و دانا بە ئەحواڵی هەموو خەلقی جیهان
|
زەڕڕەیێ ئەشیا بە بێ ئەو قودرەتی نابێ نیهان!
|
جوملە مەعلوماتی ئەهلی ئاسمان و سەر زەمین
|
قەترەیێ ئاوە لە بەحری عیلمی رب العالمين
|
وەرگەڕانی ئاسمان و نووری خورشید و قەمەر
|
بۆ بەیانی قودرەتی ئەو شاهیدێکن موعتەبەر
|
تۆ لە حیسسییات و ئاموشۆی نەفەس نابی جودا
|
یەعنی چی تێناگەیەی ئاساری ئەسراری خودا
|
ئەو خودا وا ئادەمی خاکی و حەوای ئیجاد کرد
|
وا بە نووری مستەفا دنیا و عوقبای شاد کرد
|
قودرەتی ئەو بۆ موحەممەد، مانگی چاردەی کرد دوو نیم
|
قودرەتی ئەوبوو عەساکەی بوو بە مار مووسای کەلیم
|
قودرەتی ئەو حەزرەتی نووحی لە تۆفان دا نەجات
|
بێ ئیرادەی ئەو نەبوو عیسا بە مردووی دا حەیات
|
قودرەتی ئەوبوو سولەیمان عالەمێ تەسخیر ئەکا
|
ئاگری ئیبڕاهیم بە گوڵزاری جینان تەقدیر ئەکا
|
قودرەتی ئەو یۆسفی کردە قووتی زیندان و بەشەر
|
یوونسی کێ کردە قووتی حووت و تاریک و کەدەر؟
|
قودرەتی ئەو دەست و پەنجەی تۆ قەڵەم نەزدیک ئەکا
|
قودرەتی ئەو ڕۆژی مە ڕووناک و شەو تاریک ئەکا
|
ئەی فەقیە ئاساری فەزڵی ئەو نەبێ تەسنیفی چی؟
|
ئەی حەکیم ئەتواری لوتفی ئەو نەبێ تەعریفی چی؟
|
قادر و عەدڵ و تەوانا، هەرچی حەزکا وادەکا
|
لوتف و قەهری عالەمی ئاباد و یا ئەفنا دەکا
|
من ئەبێ چی بم لە فەزڵی بێشوماری دەم بە دەم؟
|
یا بەیانی موعجیزاتی انبياءالله بکەم؟
|
سابیرم ناقیسترینی بەندەگانی حەزرەتم
|
کەمترینی پاسەوانی دەوری نان و نیعمەتم!
|