ئەگەر خوات ناسی بپاڕێرەوە
|
بە زمانی خۆت بلاڵێرەوە
|
خوای گەورە و بزورگ پادشای بێ نیاز
|
بێ هاوبەش، بێ کەس، بێ شوێن، بێ هامڕاز
|
تێگەیشتنت دامێ تێت بگەم
|
پێم لێ نا هەر تۆی بێ زیاد و کەم
|
چاوم هەڵبڕی ئاسمانم دی
|
وتم: بێ وەستا نەهاتۆتە دی
|
ئەگەر کردەوەی بێگانە بوایە
|
خۆ ئەشیا بێ ستوون ڕانەوەستایە
|
دیارە هەر چەرخێک پیاو دروستی کا
|
کاتێکت زانی سوا و تێک شکا
|
چەرخی ماکینەی ئەم ڕۆژ و شەوە
|
بێ هەڵم و بەنزین ئەسووڕێتەوە
|
چەوری پێ ناوێ هیچ ژەنگ ناگرێ
|
لێک هەڵناوەشێ، دەستی تێ نابرێ
|
هەر لەو ڕۆژەوە کە تێک خراوە
|
هێشتا جەڕێکی لێ نەسواوە
|
هەر بەو پێوانە کە بۆت داناوە
|
وا دێت و دەچێ هیچ نەسواوە
|
بێ گوڕە و بڕە، بێ چرپە و بێ دەنگ
|
تێکڕا لە کاران یەک ڕەنگ، یەک ئاهەنگ
|
تۆ نەبوویتایە چۆن تێک ئەخرا
|
ئەمانە لە کوێ پێکەوە ئەنرا؟
|
چۆن چەرخی گەردوون بێ دەستی وەستا
|
لە کاردا ئەبوو هەتاکو ئێستا
|
ئاش بێ ئاش وەستا ناسووڕێتەوە
|
گا بێ هۆی جووتیار ناگەڕێتەوە
|
سەد هەزار هەزار ئەستێرەناسان
|
ئەودیو خیوەتیان نەدی بە ئاسان
|
منیش ئەگەڕێم کە تۆ بناسم
|
ناتدۆزمەوە کوێر و کەساسم
|
چاوێکم بەرێ تۆی پێ ببینم
|
«أرنی» بێژنیم کردووە بیبینم
|
دەستم پێ گرتووە شەرمەندەم مەکە
|
بۆ بەخشین گوناهی زۆر و کەم یەکە
|
هەر کردەوەیەک لە من ڕوویداوە
|
لە پێش کردندا لای تۆ نووسراوە
|
کە لەو تەختەیەی لای تۆ نووسرابێ
|
کێ ڕێی دەکەوێ بڵی: وا نابێ!
|