خوا بۆیە ئێمەی ناردە سەرزەمین
خوا بۆیە ئێمەی ناردە سەرزەمین | دوژمنی یەک بین بە شەڕ و بە قین |
نابێ ئادەمیزاد بە شەڕ نەبێ | بێ شەڕ بێ، ئەبێ هەر بەشەر نەبێ |
ئەوانەی ئەڵێن: حەز لە شەر ناکەین | دیموکراتین و مائیل بە چاکەین |
هەموو سەرکردەی شەڕی ڕابردوون | لە ژێر پاڵتۆوە تیغ لە یەک ئەسوون |
ئەو ئەمریکایەی ئەیگوت «مون زەتۆ» | دونیای شڵەقاند هەر وەک مەشکەی دۆ |
ئەویتریشیان وا سەر بەرد ئەگرێ | سەد خاڵۆ خاڵۆ کەڵکێ ناگرێ |
ئەمی تریشیان لێمان تۆراوە | لابەلا بە قین لەولا وەستاوە |
ئێمە وا چاکە ببینە سەیرکەر | لەسەر گردێ بین لە لەشکەر بەدەر |
لای موعاوییە شیرینی بخۆین | بۆ نوێژ دوای نەوەی عەلی بکەوین |
بەڵام شیرینی شەکری تیا نەبێ | وا چاکە «چا»کەیش نیوەی «گیا» نەبێ |
هەی هوو ئەمانە خەیاڵ پڵاوە | ئێمە و خۆشبەختی ڕەتمان بڵاوە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 848
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|