خوا پێداو
لە بەغداد کۆشکێ لە کەناری شەت | باغی پڕ بلبل شەتی پڕ لە بەت |
چیمەن زارێکە گوڵ و پەرژینە | هەرچی هات جۆشی بە هەڵپەڕینە |
لێی ڕاکشابووم بە خەیاڵەوە | بەشکو پەری بۆم بێتە ماڵەوە |
ناگا چوار پەری چوار دەورەیان دام | سفید پۆشێکیان بە ناز هاتە لام |
بە تییلاییەکی چاوی بیماری | دڵم ئەنگێورا و دەردم بوو کاری |
من بە شەرارەی ئێشی زامەوە | لەبەر پێی ئەوا ئەتلامەوە |
لە پڕێک قاقای فریشتەی سەوزپۆش | گەییە سەروەختم هێنامیەوە جۆش |
وتی: بەم پیرییە چیت لە جوانانە | ئەکەویە داوی خاڵ و لەرزانە |
وتم: هەر پیرە جوان تێک ئەبەستێ | نەمام بە داری پیر ڕائەوەستێ |
وتی: نامەوێ تۆ نەمام گیر بی | بۆ ئەوە چاکی نیشانەی تیر بی |
تیرێکی هاویشت لە برژانگەوە | وەک تیری شەهاب لە ڕووی مانگەوە |
هات دای لە جەرگم وامزانی مردم | جلە تازەکەی خوێناوی کردم |
ئەو ڕۆیشت ئەنجا پەمەیی پۆش هات | ئەویش تیرێکی کردم بە خەڵات |
وتی: خۆت بگرە کافر! بەگیری | پیری، بۆ ئێمە کۆڵەکەی تیری |
وتم: تیرێکت لە جەرگی پیر دا | سادەی تیرێکی تر بە شوێن تیر دا |
بەم سێ تیرەوە دڵم نەئەسرەوت | خوا دای زەردەپۆش لەولاوە دەرکەوت |
بەو باڵای ئاڵای سەروی نازەوە | بەو چاوە بازەی عیشوەبازەوە |
تریقەی قاقای زیندووی کردمەوە | ئێشی خەدەنگی لە بیر بردمەوە |
بە میهرەبانی هات بەلامەوە | دڵخۆشی دەوای زامی دامەوە |
بانگیان کرد هەر سێ پەری کوشندە | هاتنە سەرینم بە عیشوە و خەندە |
وتیان: هەرچەند خوێن کەوتە بەینەوە | ئەمجارە هاتووین ئاشتت کەینەوە |
دەست لەملان و گەردن ئازایی | کردمانە کەیف و بەزمی چاوشایی |
چایی لە سایەی گەردنیان دیار بوو | حۆری بەهەشتیان لا خزمەتکار بوو |
سیانیان دەربارەی من لوتفکار بوو | بەڵام یەکێکیان لە پیاو بێزار بوو |
خوا تۆڵەی ئەویش لە بەد بستێنێ | دۆژمنی جنسی لەتیف نەمێنێ |
بە دەست لەملانیان بوومەوە بە کوڕ | سەرچۆپیم کێشا بە عەشق و بە گوڕ |
بە دەماغەوە ئەموت: شا کێیە؟ | بۆ کەس نەلواوە ئەم هەڵپەڕکێیە |
لە نیسانی ساڵی ١٩٣٧دا وتوویەتی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|