نەو ڕەسیدەی باغی میللەت چاوەکەم گیانم فیدات
|
گوفتی چاکەت پێ دەڵێم گوێ بگرە ئەی لاوی وڵات
|
داک و بابت هەر کە پیر و، کەم دەس و ئوفتادە بوون
|
حەق وەهایە خۆشەویستتر بن لە ڕۆڵانت لەلات
|
جێگەیی جیایان ببێ خزمەتکرێن دایم وەکو
|
خزمەتی بوتیان دەکەن هیندوو لە دێرو سەومەعات
|
خوا نەخواستە بێتو عاسیبی بەدڵیان گەرنەکەی
|
ڕاستی فایدەی نییە بۆ تۆ حەج و سەوم و زەکات
|
تێبفکری چاخی منداڵی نەخۆشبووی، بابەکەت
|
بۆ ئەوەی زوو چا ببی هەرچی هەبوو ئەیکرد فیدات
|
گەر لە کۆڵانا بهاتایە زریکە و دەنگی تۆ
|
زوو بەپێخاوسی لە دەرگا دەردەچوو بۆ لات ئەهات
|
چاخی ئێوارە لە کار و کردەوەی ڕاهی دەبوو
|
کوڵمەکانی ماچ ئەکردی پاک دەیشوشت دەست و پات
|
لەو شەوی دووری زمستان و، بەسەرماو و سەهۆڵ
|
دایکەکەت شیری دەدایتێ، ببووە قەڵغانی بەڵات
|
دەنگی گریانت بهاتایە لە جێگا دەردەچوو
|
ڕایدەژەندی لایلە گۆ بوو، تاکو چاخی ڕۆژهەڵات
|
چەندێ پیسیت کردە لەشیا، چەندی مرداریتی شوشت
|
هیچ لە ئەم پیسایییانەت، دایکەکەت قێزی هات
|
ڕۆژێ دەتوانی بەخێوکەی کاکە منداڵێکی خۆت
|
بۆیە فەرمووی پێغەمەر جەننەت لەژێر پێی ئوممەهات
|
لێت ڕەزابن دایک و بابت بەختیاری ئەی عەزیز
|
بێ شکە دوعای ئەوانە، باعیسی فەوز و نەجات
|
چۆن بەمنداڵی بەخێویان کردی، تۆش وا بی دەبێ
|
چاخی پیری هەر ئەوان بن گەورەیی ماڵ و سەرات
|
دەم بەدەم پاروویی چەور و خۆش و پاکیان پێ بدە
|
گوێ مەدە بوون و نەبوون و، گەورەیی و هات و نەهات
|
ئەی ئەسیری تۆ لە دەرحەق داک و بابت چی بکەی
|
بێ شکە دەرحەق ئەتۆش ڕۆڵەی شیرینت وا ئەکات
|