خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 2/حکوومەتی ئەتابەکی لوڕی گەورە

حکوومەتی ئەتابەکی لوڕی گەورە (فەزلەوی)

edit

ئەم حکوومەتە لە جەنووبی شەرقی لوڕستاندا تەشەکولی کرد و لە ٥٥٠ هـ.وە تا ٨٢٧ یەعنی ٣٧٧ ساڵ دەوامی کرد.

وڵاتی لوڕستان دوو بەش بوو، لوڕی گەورە و لوڕی بچووک. ئەم تەقسیماتە لە ئەواخیری قەڕنی سێیەمی هیجریدا هەبوو. دوو برا حاکمی ئەم دوو بەشە بوون: بەدر و مەنسوور. لە دوای بەدر، لوڕی گەورە کەوتە دەست نەسیرەددینی کوڕەزای و لەو وەقتەدا نیوەیەکی لوڕستان لە ژێر ئیدارەی خانەدانی «شوول»دا بوو و حوکمداریان سەیفەددین بوو و ئەم خانەدانە ـ بە گوێرەی ڕیوایەت ـ لە زەمانی ساسانییەوە لەوێ حاکم بوون.

لە ئەواخیری قەڕنی پێنجەمی هیجریدا سەد ماڵێکی کورد، کە لە «جەبەل ئەلسماق»ی شامەوە هیجرەتیان کردبوو، هاتنە لوڕستان و لە «جەبەل ئەمعاد»ی محەمەد خورشید کە وەزیری مەلیک نەسیرەددین بوو، دانیشتن.

گەورەی ئەم خێڵی کوردە:

١. ئەبو تاهیر

ئەبولحەسەن فەزلەوی بوو. لەو بەینەدا وڵاتی فارس، بە دەس حاکمانی سولغورییەوە بوو. کوڕەزای ئەبولحەسەن کە ناوی محەمەد و بە ئازایی شۆرەتی بوو، داخڵی خدمەتی حاکمی فارس بوو. حاکمی فارس لەگەڵ حاکمی شوانکارەدا دوشمنایەتی بوو؛ ئەبو تاهیر محەمەد کوڕی عەلی کوڕی ئەبولحەسەن فەزلەویی بە لەشکرێکەوە ناردە سەر حکوومەتی شوانکارە. ئەبو تاهیر غەلەبەی کرد و گەڕایەوە. ئەتابەک سونقور زۆر مەمنوونی بوو و لە سەر ئارەزووی خۆی، ناحیەی کۆهگیلۆیەی دایە و لەشکرێکیشی خستە تەکی و بۆ زەوتکردنی لوڕستان موساعەدەی کرد.

ئەبو تاهیر گا بە شەڕ و گا بە سیاسەت، وردە وردە لوڕستانی هێنایە ژێر حوکمی خۆی و لە دواییدا سەربەخۆیی ئیعلان کرد و حکوومەتی فەزلەویی کورد بەم تەرحە لە تەرەف ئەبو تاهیر محەمەدەوە دامەزرا. ئەبو تاهیر موددەتێک ئیدارەی موڵکی حکوومەتی کرد و لە ٥٥٥ هـ.دا وەفاتی کرد. پێنج کوڕی بوو: هەزارئەسپ، عیمادەددین پەهلەوان، نەسرەتەددین، ئیلواکوش و قزڵ بجکم. کوڕە گەورەی، بە ئیتیفاقی براکانی، هاتە جێگای باوکی.

٢. ئەتابەک هەزارئەسپ

حوکمدارێکی عاقڵ و عادڵ بوو و لە زەمانیدا لوڕستان زۆر پێش کەوت و ئاوەدان و دەوڵەمەند بوو. گەلێ عەشایر لە جەبەل ئەلسماقی شامەوە لە زەمانی ئەم حوکمدارە هاتنە لوڕستان. ئەم عەشایرە بەعزێکی عەرەب و بەعزێکی کورد بوو. ناویان ـ بە گوێرەی تارخی گوزیدە ـ لە خوارەوە نووسراوە: ئسوکی، مماکونە، بەختاری ، مراسلی، سداسان، زاهدیان، عەلائی (ئالانی)، کونوند، بیوند، بدائی، بوازکی، شنوید، راکی، جاکی ، هارمی ، ئسبک ، کفی ، شموس ، نخوئی، کماکشی ، مامەسی ، اویلکی ، لیراوی، دلکی، توانی کیا، مدیحا کورد، کولارد ... الخ.

هەزارئەسپ بە واسیتەی ئەم عەشایرەوە قووەت و نفووزی زیاد کرد و خانەدانی «شوول»ی لە لوڕستان بە تەواوی دەرپەڕاند و وڵاتەکەی داگیر کردن، حدوودی مەملەکەتی گەیاندە چوار فەرسەخیەکەی ئەسفەهان. ئەتابەک تگلەی سولغوری، چەند دەفعەیەک لەشکری ناردە سەری، بەڵام زەفەری پێ نەبرد و لە هەموو جارێکیدا شکا و ڕۆژ بە ڕۆژ نفووزی هەزارئەسپ لە زیادیدا بوو و تیجارەت و زەراعەت لە تەرەقیدا بوو.

زۆر قەسەبە و گوند بینا کرا و ئاوەدانی زیاد بوو. لە پاشدا کوڕەکەی ناردە لای خەلیفە (الناصر لدین اللە)ی عەباسی و ئیلتیماسی عینوانی «ئەتابەک»ی کرد و خەلیفە قەبووڵی کرد و بەرات و خوفتانی بۆ نارد.

هەزارئەسپ لەگەڵ سوڵتان محەمەدی خوارەزمیشدا دۆستایەتی پەیدا کرد و کچی خۆی دا بە غیاسەددینی کوڕی؛ لە دوای سەڵتەنەتێکی بەتوول وەفاتی کرد و ئەگەر تاریخی وەفاتی، ٦٥٥ هـ ڕاست بێ، لازمە کە سەد ساڵ حکوومەتی کردبێ (٥٥٥ تا ٦٥٥ هـ) .

٣. ئەتابەک تیگلە

کوڕی هەزارئەسپ، لە دایکەوە لە خانەدانی سولغوری فارس بوو. کە خەبەری وەفاتی هەزارئەسپ گەیشتە فارس، ئەتابەک سەعدی سولغوری بۆ سەندنەوەی حەقی خانەدانی شوول لە قوماندای جەماڵەددین عومەر ناوی ئامۆزی هەزارئەسپدا لەشکرێکی دووهەزار کەسی کردە سەر تیگلە، لە نزیک قەڵای «بیروئە» تووشی ئەتابەک تیگلە بوون، تەنیا پێنجسەد سوارێکی لە لا بوو، لە دوای شەڕێکی زۆر شکا، بەڵام لەو وەقتەدا جەماڵەددین عومەر بە تیرێک کوژرا و لەشکری فارس شکستی خوارد و غەلەبە بۆ تیگلە مایەوە. لە دوای ئەمە، سولغورییەکان سێ جاری تر لەشکریان لێ کرد، بەڵام هیچیان پێ نەکرا. لە پاش بەینێک تیگلە لەشکری کردە سەر لوڕی بچووک و بەعزێ نەواحی لە حیسامەددین خەلیلی حاکمی ئەوێ زەوت کرد. لە دواییدا لە سەر بەعزێ ئەسباب، خەلیفەی بەغدا لە قوماندای بەهائەددین گەرشاسب و عیمادەددین یۆنسدا لە خووزستانەوە لەشکرێکی ناردە سەر لوڕستان و ئەم لەشکرە بەعزێ لە وڵاتەکەیانی تاڵان و وێران کرد و برای تیگلەیان ئەسیر و لە قەڵای «لاهووج»دا حەپس کرد. ئەتابەک تیگلە خۆی کۆ کردەوە و بە لەشکرەوە ڕووی تێکردن و لەگەڵیانا کەوتە شەڕەوە و عیمادەددین یۆنسی کوشت و بەهائەددین گەرشاسبی ئەسیر کرد و بە وەعدی بەردانی براکەی، بەرەڵای کرد.

لە ساڵی ٦٥٥ی هـ.دا کە هۆلاکۆ لەگەڵ لافاوی موغولدا ڕووی کردە پایتەختی خەلافەتی عەباسییە، ئەتابەک تیگلە بۆ مەسڵەحەتی موڵک و دەوڵەتی خۆی، لەگەڵ هۆلاکۆ ڕێک کەوت و لەگەڵیا ئیشتراکی سەفەری بەغدای کرد. هۆلاکۆ ئەتابەکی داخڵی قومانی «کیتوقابووس» کرد و ئەتابەک لە فەجیعەتی بەغدا زۆر سەغڵەت بوو. کوژرانی خەلیفە و موسوڵمانان زۆر تەئسیری تێکرد و لە بەعزێ جێگە حیسسی نەفرەتی خۆی نەئەشاردەوە و ئەم قسانەی بەر گوێی هۆلاکۆ کەوت و لێی عاجز بوو. کە ئەتابەک حیسسی ئەم عاجزییەی کرد و شارەزای شەناعەت و لەخوانەترسیی هۆلاکۆ بوو، فەرحەتی بینی و بەبێ ئیزنی هۆلاکۆ چوو بۆ لوڕستان.

هۆلاکۆ، کیتوقابووسی سەرداری بە لەشکرێکەوە نارد بۆ گرتنی شەمسەددین ئالب ئارغۆنی برای ئەتابەک؛ بە کاکی گوت کە مەسڵەحەت وایە من بنێریتە لای هۆلاکۆ، تا سەعی بکەم و ڕێکتان بخەمەوە و لەشکری موغول بگەڕێتەوە. ئەتابەک ئەم تەکلیفەی بە باش زانی و وەعدی دا کە تا ئەو نەگەڕێتەوە لوڕستان، شەڕ لەگەڵ لەشکری موغول نەکا. شەمسەددین کە گەیشتە مێرگەی «فهرکە»، کە لە حدوودی لوڕستان بوو، تووشی لەشکری موغول بوو، مەقسەدی خۆی تێگەیاندن، بەڵام ئومەرای موغول گوێیان نەدایە و گرتیان و زنجیربەندیان کرد و ئەوانەی کە لەگەڵی بوون، هەموویان کوشتن و ڕوویان کردە لوڕستان. ئەتابەک تیگلە لە ترسی ئەوە کە براکەی بکوژرێ، موقاوەمەتی نەکرد و خۆی خستە قەڵای «جابنخشت». هەرچەندە ئومەرای موغول وەعدی ئەمانیان دایە، بڕوای نەکرد تا ئەنگوستیلەی ئەمانی لە تەڕەف هۆلاکۆوە بۆ هات. ئەو وەقتە ئەتابەک لە قەڵاکە هاتە دەرەوە و ناردیان بۆ تەورێز. بە خیلافی عەهدی ئەمان، لەوێ کوشتیان. پیاوەکانی بە دزیەوە مەیتەکەیان هەڵگرت و بردیانەوە لوڕستان و لەوێ ناشتیان.

٤. ئەتابەک شەمسەددین ئالب ئارغۆن

لە دوای کوژرانی کاکی، لە تەڕەف هۆلاکۆوە کرا بە ئەتابەکی لوڕستان و ئەمری گەڕانەوە بە لەشکری موغول درا. کە ئەتابەکی تازە هاتەوە لوڕستان، مەملەکەتەکەی وێران و پەرێشان دی. زوڵم و شەناعەتی موغول، وڵاتەکەی مەحو کردبووەوە و ئەهالی دابوویانە شاخ و کێو، بەرە بەرە خەڵکەکە هاتنەوە جێگە و ڕێگەی خۆیان و دەس کرا بە تەعمیرات و زەراعەت و بەم نەوعە لە موددەتێکی کەمدا وڵاتەکە چووەوە دۆخی جارانی، ڕەفاه و سەعادەت کەوتە ناویانەوە. ئەتابەک زستانانی لە شاری «ئیدج ـ ئیزاج» و «سووس»دا لە دەوری «شووشتەر» ڕائەبوارد. هاوینان ئەچووە چیاکانی مەنبەعی ئاوی «شووشتەر» و «زیندەروود» کە بە ئاوی زۆر و ساردی و مێرغوزاری و دارستانی وەکوو بەهەشت وا بوو. شەمسەددین ئالب ئارغۆن بەم تەڕحە بە سکوون و سەعادەت پانزە ساڵ حوکمی کرد و لە پاشدا وەفاتی کرد.

٥. ئەتابەک یۆسف شاهـ

لە وەفاتی باوکیا لە لا ی ئەبقا خان بوو. لە دوای مانگێ یەرلیغی حکوومەتی لوڕستانی درایە. لەگەڵ ئەمەشدا بە خۆی و دووسەد سوارەوە لە پایتەختی موغولدا مایەوە و بۆ ئیدارەی لوڕستان، وەکیلی تەعین کرد. لە شەڕی «بوراق خان»دا بە لەشکری لوڕستانەوە یارییەی ئەبقا خانی دا و زۆر ئازایی نواند و لە سەفەری ئەبقا خان بۆ وڵاتی گەیلان و دەیلەمدا حازر بوو. فیدایی دەیلەم لە شەڕدا هەڵیانکوتایە سەر ئەبقا خان و دەوریان گرت، بەڵام یۆسف شاهـ بە فریایدا گەیشت و نەجاتی دا، بەرامبەر بەم خزمەتە گەورەیە، خان وڵاتی خووزستان و کۆهگیلۆیە و شاری فیرووزان و جربازقانی پێ بەخشی.

لە دوای ئەم شەڕە، یۆسف شاهـ چوو بۆ کۆهگیلۆیە و تەعەڕوزی کردە «شوول»ەکانی ناحیەی مامەسانی. برای حاکمەکەیانی کوشت.

لە دوای لەناوچوونی ئەبقا خان، موڵکی ئێران کەوتە دەس ئەحمەد تاکودار و یۆسف شاهـ لەگەڵ خەلەفی ئەبقا خان کە ئارغۆن بوو، بەینی خراپ بوو. لەگەڵ ئەمەشدا قودرەتی عوسیانی لە خۆیدا نەدی و بۆ حەرەکاتی خۆراسان کە داوای کۆمەکی بۆ ئەحمەد تاکودار لێ کرا، بە نابەدڵی دووهەزار سوار و دە هەزار پیادەی لەگەڵ خۆی برد بۆ موعاوەنەتی. بەڵام ئەحمەد، لە شەڕی خۆراساندا شکا (٦٨٣ هـ) و لەشکری لوڕ بە سەر «تەبەس» و «نەتەنز»دا بە چۆڵا گەڕانەوە، لە تینوویەتی، زۆریان لێ مرد، بە هەزار حاڵ خۆیان گەیاندەوە لوڕستان. یۆسف شاهـ بە ئەمری ئارغۆن خان بە شوێن خواجە شەمسەددین ساحێبدا چووە لوڕستان و لەوێ کچەکەی ساحێبی مارە کرد و خواجە شەمسەددینی گرت و بۆی نارد. لە دوای شەهادەتی خواجە شەمسەددین، یۆسف شاهـ گەڕایەوە لوڕستان و لەوێ وەفاتی کرد.

٦. ئەتابەک ئەفراسیاب

لە دوای یۆسف شاهـ، ئەفراسیابی کوڕی کرا بە ئەتابەک و ئەویش ئەحمەدی برای ناردە پایتەختی موغول و خۆیشی لە لوڕستاندا مایەوە. زاڵم و لەخوانەترس بوو. دەسی کرد بە غەدر و خراپە و وزەرای قەدیمی دەوری هەزارئەسپی وەکوو خواجە نیزامەددین جەلالەددین سەدرەددین، هەر یەکە بە نەوعێ بەهانەی پێ گرتن و ماڵ و موڵکی داگیر کردن و کوشتنی. بەعزێ لە خزم و تەڕەفداری ئەم خانەدانە ڕایانکردە ئەسفەهان، بەڵام وازی لێ نەهێنان و پیاوی نارد بە شوێنیانا. لەو بەینەدا ئارغۆن مرد. بەعزێ لە ڕوئەسای قەدیمە لە ئەسفەهان عوسیانیان کرد و والیی موغولیان کوشت.

ئەتابەک ئەفراسیاب ویستی لەم فرسەتە ئیستیفادە بکا و لە هەمەدان و وڵاتی فارسەوە تا ئەگاتە خەلیجی فارس، بەعزێ لە خزمانی خۆی بە حاکم تەعین کرد. جەلالی کوڕی ئەتابەک تیگلەی بە لەشکرێکەوە نارد بۆ موحافەزەی کۆهـ‌ڕوود، لەوێ تووشی لەشکری موغول بوو و شکاندی. بەڵام کەوتنە خراپە و تاڵان و لە پڕێکا موغولەکان لێیان گەڕانەوە و خراپ شکاندیانن.

کیخا توخان کە ئەم خەبەری بیست، لە قوماندای ئەمیر «تولدای ئیداجی»دا لەشکرێکی موغولی لەگەڵ لەشکری لوڕی بچووکدا ناردە سەر ئەفراسیاب و ئەتابەک خۆی ڕانەگرت و ڕایکردە قەڵای «جابنخشت». لە خەڵکی لوڕستان زۆر کەس کوژرا و زۆر خەڵک [کە] لە ترسی موغول ڕایانکردبووە ئەشکەوت و لوڕستان، تاڵان و وێران کرا.

لە پاشدا لەشکری موغول دەوری قەڵای جابنخشتی دا. ئەفراسیاب لە ترسانا مودافەعەی نەکرد و تەسلیم بوو و ناردیانە پایتەختی موغول، لەوێ بە تکای «ئوروک خاتوون» عەفو کرا و دیسانەوە کرایەوە بە حاکمی لوڕستان. کە گەڕایەوە، بە موعتاد، دەسی کرد بە زوڵم و خراپە و هەرچی پیاوماقووڵ و دەوڵەمەند بوو، هەر یەکەی بە بەهانەیەک کوشت.

کە «غازان خان» بوو بە حوکمدار، ئەووەڵەن ڕووی بە ئەفراسیاب دا، بەڵام لە دواییدا لە سەر شکاتی «هورکوداک»ی ئەمیری فارس، ئەفراسیابی کوشت (٦٩٦ هـ).

٧. ئەتابەک نەسرەتەددین ئەحمەد

لە دوای ئەفراسیابی برای، بوو بە ئەتابەک. حکوومەتی ئەم زاتە لە ٦٩٦ی هـ.وە تا ٧٣٠ وەیا ٧٣٣ یەعنی ٣٥ بۆ ٣٨ ساڵ دەوامی کردووە. ئەم ئەتابەکە عومرێکی زۆری لە سەرای ئیلخانیدا ڕابواردبوو، عادڵ و عاقڵ و ڕەعیەت‌پەروەر بوو. لە موددەیەکی کەمدا خراپەی دەوری ئەفراسیابی تەعمیر کردەوە و ڕەفاه و ڕاحەت لە لوڕستاندا جێگیر بوو. دەوڵەت و ماڵ زیاد بوو. مەلیک قوتبەددین کوڕی عیمادەددین پەهلەوانی کردە وەکیلی خۆی بۆ لوڕستان. خەسرەو شای کوڕی مەلیک حیسامەددینی کرد بە سەرلەشکر، وەلحاسڵ ئیدارەی مەملەکەتەکەی بە نەوعێ دامەزراند کە خۆیشی و خەڵکیشی بە تەواوی حەسانەوە.

ئەتابەک نەسرەتەددین زۆر عیلم و عولەمای خۆش ئەویست. مەلا فەزلوڵڵای قەزوینی مەشهوور، «تاریخ مجمع في احوال ملوک العجم»ی بە ناوی نەسرەتەددینەوە نووسی و بۆی هەدیە کرد. «معجم الانساب» عینوانی «پیر»ی داوەتێ. ئیبنی بەتووتە ئەڵێ ئەم ئەتابەکە ١٦٠ مەدرەسەی بینا کردووە و ٤٤ی لە «ئبزاج»دا بووە و بەعزێکیشی بۆ عەشایر لە ناو چیاکانا دروست کردووە.

٨. ئەتابەک ڕوکنەددین یۆسف شاهی دووەم

حکوومەتی ئەم زاتە لە تاریخی ٧٣٣ تا ٧٤٠ی هـ. دەوامی کردووە. حوکمدارێکی عادڵ و عاقڵ بوو. بە گوێرەی «مجمع الانساب» موڵکی ئەم ئەتابەکە تا بەسرە و خووزستان و تا لاموستان و فیرووزان بووە.

٩. موزەففەرەددین ئەفراسیابی دووەم

ناوی ئەحمەدە و کوڕی (بە گوێرەی ئیبنی بەتووتە: برای) یۆسف شاهی دووەم بووە. ئیبنی بەتووتە لە دەوری ئەم ئەتابەکەدا ئەو وڵاتە گەڕاوە. بە گوێرەی محەمەد ئەلخزری، موددەتی حکوومەتی ئەم ئەتابەکە تا ٧٥٦ دەوامی کردووە.

دەرحەق بە ئەخلافی ئەم خانەدانە مەعلوومات نییە، وەیا زۆر کەمە. میرزا ئەسکەندەر بە گوێرەی ڕیوایەتی موئەریخینی ئەو دەورە ئەڵێ:

١٠. «نور الودود»

خەلەفی ئەفراسیابی دووەمە. زۆر موسریف و دەسبڵاو بووە. خەزێنەی ئەتابەکی هەڵتەکاندووە. بە گوێرەی «جهان‌آرا» محەمەد مزەفەری حاکمی فارس (٧١٣- ٧٦٠ هـ) کوێری کردووە.

١١. شەمسەددین بەشنەک

بە کوڕی یۆسف شاهی دووەم دانراوە و خەلەفی «نور الودود» بووە. تا ٧٨٠ هـ حکوومەتی کردووە. لە زەمانی ئەم ئەتابەکەدا لوڕستان لە شەڕ و دەعوای مزەفەری زۆر زەرەری دیوە. شا مەنسووری مزەفەر، «شووشتەر»ی کردووە بە مەرکەز و لەوێوە چەند سەفەرێکی بۆ سەر لوڕستان کردووە. برای ڕەقیبی شاهـ مەنسوور شوجاع بووە و بە ئیمدادی بەشنەکەوە هاتووە. واقیعەن لە ئبزاج، بەعزێ سککەی شا شوجاع دۆزراوەتەوە کە عائید بە ساڵانی ٧٦٢ و ٧٦٤ هیجرییە.

١٢. مەلیک پیر ئەحمەد

لە دوای وەفاتی بەشنەک بووە بە حاکمی لوڕستان و لەگەڵ مەلیک هۆشەنگ ناوێک لە ئەعزای خانەدانی خۆی کەوتۆتە شەڕەوە و کوشتوویەتی. بە ڕیوایەتی بەعزێک، ئەحمەد و هۆشەنگ هەردووکیان برا و کوڕی «نور الودود» بوون. لە دواییدا شا مەنسوور مزەفەری، مەلیک پیر ئەحمەدی لە لوڕستان کردۆتە دەرەوە و لە پیاوماقووڵی لوڕ، یەکی دیکەی کردووە بە حاکم.

لە ٧٩٥ هـ.دا کە تەیمووری لەنگ بە لوڕستاندا ڕابورد، پیر ئەحمەد لە «ڕام هورموز»دا چۆتە لای و لە پاشدا لە شیرازیشدا زیارەتی کردووە و تەیموور حورمەتی گرتووە. لە فەرمانێکی مەخسووس موڵکی ئابا و ئەجدادی داوەتەوە و ئەو دوو هەزار ماڵ لوڕەی کە لە تەڕەف شاهـ مەنسوورەوە دەرکرابوون، دیسانەوە هێنرانەوە لوڕستان و ئەفراسیابی برای پیر ئەحمەدی لەگەڵ شاهـ مەنسووردا بە بارمتە لەگەڵ خۆی بردۆتە سەمەرقەند. پاش بەینێک تەیمووری لەنگ، لوڕی گەورەی لە بەینی پیر ئەحمەد و ئەفراسیابدا تەقسیم کردووە.

لە دوای وەفاتی تەیموور، میرزا پیر محەمەد، پیر ئەحمەدی لە کووهان‌دزدا ئەسیر کردووە و لە ٨١١ هـ.دا ئیدارەی حکوومەتی لوڕستانی ڕێک خستووە، بەڵام لە عوسیانێکی داخڵیدا لە ناو چووە.

١٣. ئەبو سەعید

کوڕی پیر ئەحمەدە، دوو ساڵ بە بارمتە لە شیراز دانرابوو، لە دوای وەفاتی باوکی، بوو بە حاکم و لە ٨٢٠دا لە ناو چوو.

١٤. شاهـ حسێن

کوڕی ئەبو سەعید و خەلەفی بوو. لە دوای بوونی بە حاکمی لوڕستان، لەگەڵ غیاسەددین کاوس، ئەمیرێکی خزمی، کەوتە شەڕەوە و لە ٨٢٧دا کوژرا.

١٥. غیاسەددین کاوس

کوڕی هۆشەنگ بوو و حکوومەتی لە شاهـ حسێن داگیر کرد، بەڵام زۆری پێنەچوو لە ئەحفادی تەیموور، سوڵتان ئیبراهیمی کوڕی شاهڕوخ لەشکرێکی ناردە سەری و حکوومەتی فەزلەوی بە تەواوی لە ناو برد و لە دوای ئەمانە حکوومەت کەوتە دەس ڕوئەسای عەشایری بەختیاری.

مولاحەزە

ئەسەرەکەی دوقتۆر فریچ کە لە تەڕەف «ترکیا مهاجرین عمومیە مدیریتی»یەوە تەرجەمە و تەبع کراوە، ئەگەر عەینی ئەسڵەکەی بێ، بەڕاستی موتالەعات و ئەفکارێکی زۆر دوژمنانەی بۆ کورد تیایە و لە تاریخ ناچێ؛ چونکە تاریخ ئەبێ بێ‌تەڕەفانە بنووسرێ و حەقیقەتی حادیسات نەگۆڕرێ. مەسەلەن لە موشابەهەتێکی لەفزی «فضلوی» ویستوویەتی ئیستیفادە بکا و خیلافی ڕیوایەتی «تاریخ گزیدە» و تەواریخی موعتەبەرەی تر، خانەدانی فەزلەوی بە تورک دابنێ. زاهیر وایە کە خۆشی بەم نەزەرییە غەریبە قانع نەبووە و لە پاشدا غەلەبەی ئەبو تاهیری کردووە بە ماڵ بۆ سەر لەشکری تورک. لە دواییدا زیاتر بوغزی نواندووە و ئیدیعای نەبووبی قەومی کوردی کردووە.

لەگەڵ ئەمەشدا تاریخ ئەڵێ ئەم حکوومەتە بەقووەتە، کورد بووە و لە زەمانی ئەبو تاهیرەوە تا ئیستیلای موغول سەد ساڵێک زیاتر بە تەواوی سەربەخۆ بوون و لە پاشدا وەکوو باقی حکووماتی ئیسلام بە مەجبووری بوونە حکوومەتێکی تابیعەی موغول و تەیمووری لەنگ.