خوویێکی بەدە بۆ فەڕومایە
خوویێکی بەدە بۆ فەڕومایە | شەڕ بە کۆنەقین دێننەوە کایە |
بیستوومە ئەڵێن قین ژەنگی دڵە | دڵ کە ژەنگی گرت بۆ شەڕ بە کوڵە |
لام وایە ئەوەی کە ڕق هەڵگرە | لە دوژمنەکەی ناڕەحەتترە |
ئەیچێنێتە دڵ کەی بۆی هەڵکەوێ | دوژمن بداتە بەر خەنجەر شەوێ |
هەر بە داخەوە سرەوتی نابێ | بە قوڕگیا ناچێ نان و کەبابێ |
موسوڵمانی ڕاست ئەوەی زۆر چاکە | کە لێبوورد ئیتر دەرونی پاکە |
بەڵام لە پیاوی سپڵە مەبوورە | چونکوو بەدنمەک لە وەفا دوورە |
ئەگەر چاکەت کرد لەگەڵ ناپاکا | خراپە ئەکەی لەگەڵ پیاوچاکا |
بەڵام ئەم چاک و خراپ ناسینە | خراوەتە ناو لوولەی مەسینە |
هی ئەوتۆ هەیە کاتێ ئەیناسی | کە لە کەمەندی فێڵیا بتاسی |
بەڵام تۆ چاک بەو لەمان مەپرسە | بڵێ: «بەد بە خوا» ئیتر مەترسە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 981
1949/09/15
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|