کوێخایەک نانی بۆ ڕەنجبەرێ برد
|
زۆر زۆر بە سووکی تەماشای ئەکرد
|
ڕەنجبەر پێی زانی وتی ئاغای خۆم
|
تۆ وا ئەزانی ئافەریدەی تۆم؟
|
من پارەم ئەوێ، تۆ زۆرت ئەوێ
|
فیزی چی ئەکەی هەی کۆستت کەوێ؟
|
تۆ لەگەڵ مندا سەرف ئەکەی پارە
|
من ڕۆح سەرف ئەکەم سوبح و ئێوارە
|
ئەگەر وەکوو من بێڵ ئەوەشێنی
|
ئەوسا ئەزانی چۆن دائەمێنی
|
من نان و بەرگی تۆ پەیا ئەکەم
|
عومری عەزیزی خۆم بە با ئەدەم
|
من بەخۆڕایی قەت ناخۆم نانت
|
تەنها نیو سەعات نابمە میوانت
|
من زۆر و تۆ زەڕ ئەدەین بە یەکتر
|
هەردوو مەمنوون بین یەک لە یەک چاتر
|
گەوهەری عەرەق ئەڕژێنمە زەوی
|
بەتاڵ ناخەوم مل بکەم قەوی
|
یەکێ نەبەخشێ بە یەکێ بەرات
|
هیچ حەقی نییە فیزی لەسەر کات
|
ئەگەر هات کردی ئەوە کەرییە
|
لە کەری بەدتر دەردی سەرییە
|