خۆزگە ئەمزانی ئەم ڕەشەبایە (I)
خۆزگە ئەمزانی ئەم ڕەشەبایە | کە بە هاوین دێت بۆچ وا گەرمایە |
کەچی زستانان کە ڕەشەبا هات | سەرما و بەستەڵەک ئەخاتە وڵات |
های شیمال خۆت و شەماڵت بژین | فێنکی دڵە شنەت بە هاوین |
شەماڵ خەرمانی پێ شەن ئەکرێ | ڕەشەبا کەڵکی هیچمان ناگرێ |
تۆزی ڕەشەبا لە گەردشایە | نازانین چیتر دێنێتە کایە؟ |
بە هەموو بایەک ئەلەرێینەوە | بە هەر فیکەیەک ئەگەڕێینەوە |
ئەم حاڵە هەموو لە ناچارییە | ماڵەوماڵ گەڕان لە بێکارییە |
ئەوەی ئیشێکی بۆ خۆی پێکهانی | نایپەرژێتە سەر واتەی دیوانی |
ئەگەر کاسبی بکەوێتە ناو | ئەوسایە میری ئەگەڕێ بۆ پیاو |
ئێستا دووکاندار فرۆختی نییە | لە دووی چاوەشی ئیشغال شەقییە |
سا با ئیدارەی ماڵی دەست کەوێ | بزانە توخنی سزا ئەکەوێ |
خۆزگە دەستوورێک ئەخرایە ناو | پیاو بۆ ئیش ئەبوو نەوەک ئیش بۆ پیاو |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 643
1941/09/18
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|