خۆزگە ئەمزانی عەدالەت ڕەنگ و ڕوخساری چییە
|
بەرگە خۆراکە وەیا دار و درەخت و سەوزییە
|
سێوە هەنجیرە وەیا دارێکە ڕەنگی وەک بییە
|
شێرە یا گورگە وەیا بازە یاخوود تووتییە
|
من ئەبێ لێی بێ خەبەر بم یا لە ئەسڵا هەر نییە
|
وەک عەدالەت باسی ویژدانیش ئەکەن مەئموورەکان
|
خۆ لەوەش حاڵی نەبووم قەستەم بە زاتی لامەکان
|
هەر وەکوو عەنقایە هەردوو ئیسمی بێ جسم و نیشان
|
ڕەنگە یا جن بێ وەیا دێو و پەری بن بێ گومان
|
عەدلی چی و ویژدانی چی چاوبەستی لات و برسییە
|
خۆشی خۆشی بۆ فەقیر و بێنەوا ئیش دانرا
|
ڕزقی میللەت کەوتە تەموین و ڕەزالەت لابرا
|
مەخزەنی مستەورەدە ئەمباری گەورە پڕ کرا
|
پاکی بەش کەین بێ ئەوەی فەرقی ببێ هەروەک برا
|
ئاخری بۆ حاجی و ئەربابی مێز و کورسییە
|
بێینە سەیری بایع و بەش کردنی کووتاڵ و چا
|
نومرە ئەوەڵ بۆ ئەفەندی باقیاتی هەرچی ما
|
چاکەکەی بۆ دەوڵەمەند و چی تری ما بۆ گەدا
|
کامە ویژدان و عەدالەت پێم بڵێن ئێوە و خوا
|
گەر درۆی تێکەڵ نەبێ ئەمڕۆژە نەفسی نەفسییە
|
چی ئەزانم شەرتە بیڵێم کاکە گەر بیشمکوژی
|
چون شەهیدە بیکوژن هەرکەس لە ڕێگەی ناوبژی
|
بۆ چی من نەمدی فەقیرێ بێتە بایع پێی بژی
|
دەوڵەمەند تا کەی ئەبێ تۆ خوێنی خەڵکی هەڵمژی
|
خواردنی ئەم خوێنە لای تۆ کاڵەکە یا شووتییە
|
ڕەنگە تێک چووبێ بە جارێ ڕەحم و ئینسافی بەشەر
|
یا فیراری کردبێ لای ئێمە دەرچووبێتە دەر
|
یا خەرافاتێکە بۆ قەومی نەزانی قوڕبەسەر
|
بۆ ئەوانەی هیچنەزان و هیچنەفام و بێ خەبەر
|
یا ئەگەر بووبێ و نەمابێ بەختی چەوتی موفتییە
|