خۆزگە وەک خەڵکی منیش بەجارێ
|
دینارم ئەبوو پێنج شەش هەزارێ
|
نەم ئەدا بە حەج نەم ئەدا بە ژن
|
سێ چوارێ بێنم بۆ ڕابواردن
|
لاحيا في الدين بۆ تاقە پیاوێ
|
ژنێکی بەسە و سێ چواری ناوێ
|
نە خەرجم ئەکرد بۆ ئەسپ و بڕناو
|
نە زیافەت کردن بۆ شۆرەت و ناو
|
نەم ئەدا بە دێ و ئاو و ئیجارە
|
هەزار پیاوم بێ بە زۆری پارە
|
نە قەسر و خانووی نەخشین و ڕەنگین
|
هەر خۆم حساب بم لە ڕووی سەرزەمین
|
بیاندەم بە کرێ بە پیاوی ناودار
|
خۆم بم بە حەیتە و ڕەئیسی ناوشار
|
نە عەرەق خواردن مەزەی ڕەنگاوڕەنگ
|
گاهێ شەرەنگێز گاهـ مات و بێ دەنگ
|
ئەمدا بە بەرد و کەرەسەی ڕەنگین
|
پردێکم ئەکرد لە ڕێگەی پێنجوین
|
تا ئاخر زەمان بۆ دنیای ڕووناک
|
شۆرەت و ناوم نەئەچوە ژێر خاک
|
ئەگەر ئارەزووم ڕەزای خوا بێ
|
سێ حەجیش زەحمەت، خێری وەها بێ
|
کچی دێهاتی کێلوو و نزارە
|
بۆ ماست فرۆشتن دێن بۆ ئەم شارە
|
کراسی چیتی دڕاو لە بەردا
|
ئەدەن لەم چەمە باران لە سەردا
|
وەختێ بە وردی تێیان ئەفکرم
|
دڵم دێتە کوڵ نزیکە بمرم
|
ڕێبواری تریش هەزاران هەژار
|
بە ڕۆژ و بە شەو لە دێهات و شار
|
دەردی ئەم چەمە و سەرما ئەنۆشن
|
پارەدار هەموو چاویان ئەپۆشن
|
داخی بە جەرگم بۆ پیاوی پێشوو
|
پرد و ڕێگایان ئەکرد بە تێشوو
|
یەزدانپەرست بوون بێ ڕیا و نیشان
|
ساف و بێ فیز و شیرین موسوڵمان
|
هەرچیان ئەکرد هەر بۆ خوا بوو
|
دوژمن لەلایان نەفس و هەوا بوو
|
ئەم دەورە ئەمڕۆ بۆچ وا شێواوە
|
دین و ژیانمان زۆر ناتەواوە
|
هەرچەندە کە خۆم کوردم درشتم
|
وەختێ کە پارەی زۆر هاتە مشتم
|
حەجی پێ ئەکەم ژن ئەکەم بە سێ
|
بە کوێری چاوی بەر و دراوسێ
|
موفتی بەسیەتی چەناگەبازی
|
بەم بێکەسییە بە کێ ئەنازی
|