خۆم پیرم و دڵ تازە خەریکی گڕ و گاڵە
|
عەمرم کە لە شەستایە ئەڵێن گەنج و مناڵە
|
ئەو خوێنە لە سەرچاوەیی چاوم کە لەمەو بەر
|
تک تک ئەتکا ئێستە شکور ئاوی زەڵاڵە
|
ناحەق نییە گەر شادی مەرگ بم لە سرورا
|
ئەمڕۆکە کە دیم شێوەیی ئەم تازەهەڵاڵە
|
هەرچەندە لەلای غەیرە نەبێ قیمەت و قەدری
|
لای من بە خوا چەشمەیی هەنگوینی ڕیاڵە
|
وێنەی ڕەزی هەنگوورە چ شیرینە لە پاشا
|
خۆ دیوتە هەوەڵ چەندە کە ترش و ڕەق و تاڵە
|
ئەم تازەهەڵاڵە لە نەزەر فیکری ئەدیبان
|
تۆپێکی قەوی جەرگی هەموو قەومی کەماڵە
|
ضرب المثلە: «سەد قەل و بەردێک کە هەڵاڵەیش
|
بەردێکی سەری ناحەزی هەروەک قەل و داڵە
|
دوشمن لە هەموو لا وەکوو خەرمانی موکرییان
|
هەرچەندە کە ئامادەیە ئەم بادی ماڵە
|
بیری بدە ئەی کوردە کە چەن ساڵە لەبەرچی
|
خوێن و شەرەفت لای ئەم و ئەو پاکی حەڵاڵە
|
خوێناوی شەهیدانە کە ئەڕژێ لە کەژ و کێو
|
وا تێمەگە ئەو سوورە هەموو لالەیی ئاڵە
|
بخوێنە برا خوێندنە پشت و قووەتی تۆ
|
بێ عیلمییە هەر کەس کە کز و پەست و ڕەجاڵە
|
هەر کۆمەڵەیەک دوورە لە تەحسیل و لە خوێندن
|
مورغێکی برینداری شەلی بێ پەڕ و باڵە
|
ئەم عەسرە ئەوی جاهیلە ناچێ بە ڕیاڵێ
|
گەر بابی کەریم خانە وەیا ڕۆستەمی زاڵە
|
تەنیا بە قسەی فێڵ و درۆ ناگەیە بەرزی
|
عیلم و ئەدەب و سەرفی سەر و سەروەت و ماڵە
|
عەقڵ و ئەدەب و عیلم و هونەرمەندییە ئاغا
|
پێشەوای خێڵ و گرۆ نەک بە سەر و سووڕەت و ساڵە
|
شیعری منی بێچارە کە وا بێ سەر و پێیە
|
نەم خوێندووە هەر وەهبی و لێدانی خەیاڵە
|
پێی پێنەکەنی فەخرە لەلای پیاوی بەقیمەت
|
ئەو عەسکەرە وا چاکەت و پانتۆڵی لە شاڵە
|
بیزانە شعووری نییە پەتیارە و شێتە
|
ئەو شاعیرە هۆشی کە لەسەر پەرچەم و خاڵە
|
ئەی کوردە زمانی عەڕەبی و فارسی و تورکی
|
لێی لادە بە ڕەسمی مەدوێ تازە بەتاڵە
|
ڕەببی نەنەوێ دەستی قەوی کاکی ---
|
ڕزگارت ئەکا کاکە لە گریان و لە ناڵە
|