لە خەڵوەتخانەدا هەرگیز خەیاڵی دڵڕوبا ناکەم
|
بە ڕوتبەی خۆم کە فەردی مێحنەتم کەس ئاشنا ناکەم
|
ڕسوومی عیشق نازانی چ هەرزە و ڕەندە پەروانە
|
لە دوورۆ ڕۆح ئەکەم پێشکەش لە مەجلیس خودنما ناکە
|
بە فکری هیچ و پووچم وام تەما بوو دڵ بپارێزم
|
لەچاوی تۆم کەوێ دڵبەر خەیاڵی بێ بەقا ناکەم
|
هەتا جامەی کەفەن نەبڕی کەوای عیززەت لەبەر ناکەی
|
ئەگەر چی ڕەسمی ئەییامە، کراسی بێ کەوا ناکەم
|
هەتا دەستی ئەجەل کۆمەک بە کارم بێ لە دەستی خۆم
|
لەبۆ دەفعی بەڵا و مێحنەت لە کۆمەک مەرحەبا ناکەم
|
چ فەرقێکی نییە لای من گەدایی یاخۆ پاشایی
|
کە هەردوو هەر ئەمانەت بێ خەیاڵی تەختی شا ناکەم
|
چ خۆشە هەڵترووشکانێ لە گۆشەی شاری خامۆشان
|
کەوابوو ئارەزووی ژیینی جیهانی بێ وەفا ناکەم
|
خەیاڵی حۆڕی وا شاری دڵی یەکبارە داگرتم
|
وەکوو بوڵبوڵ منەتباری گوڵ و سروەی سەبا ناکەم
|
بە ڕەحمەت بێ کە ئوستادم شەوێ بۆ تەربیەم فەرمووی
|
ئەگەر من قانعم ناو بێ چ بێ ئەمری خودا ناکەم
|