خەیاڵم وایە زوڕنایەک لە سەر شاخ و چیا لێدەم
|
قۆڵی بێ عاری هەڵمالم، لە بەزمی بێ حەیا لێدەم
|
لە کەللەم تەم ئەکا دوودی هەناسەی سەد وەکوو فەرهاد
|
بە یادی شۆڕشی شیرین، قوڵنگی بێ بەها لێدەم
|
کە من ئوستادی مەجنوونم لە عیلمی شێتیا ئەمجا
|
لە کێوی نەجدەدا خۆشە، کە لافی بارەگا لێدەم
|
سەبا مژدەی بە من دا، من بە گوڵ، گوڵ بردی بۆ بولبول
|
دە با عوودی موبارەک بادی بۆ بادی سەبا لێدەم
|
چ دەستێ بو خوا ئەمڕۆ گرێی بەدبەختی لابردم؟
|
بە بەستە چەپڵەڕێزانی یەدی بەیزا دە با لێدەم
|
بە ڕەحمەت بێ دەهۆڵ کوت، وەسیەتێ چاکی بۆ کردم
|
وتی با، بەزمی هەڵپەڕکێ، بە یادی کیبریا لێدەم
|
منیش وەک قانعی ئەمڕۆ، لە گردی مامەیارەی خۆم
|
ئەبێ زوڕنایی خۆشبەختی بە شەوقی پادشا لێدەم
|