خەڵکی خۆرئاوا بزانی چی ئەزانن وڕ ئەبی
|
گەشتی شار و کارخانە و کردەیان کەی، سڕ ئەبی
|
سەیری وێرانە و کەلاوەی خاکی کوردستان بکەی
|
تێدەگەی حاڵی گەلت، ئەوجا لە داخا مڕ ئەبی
|
بۆچی وەک گەل گەل، تۆ نابی هۆگری پیاوی گەلت
|
وا لەبەر چیتە پەشێو و هەر لەیەک بڕ بڕ ئەبی
|
تا لەسەر ئەم بیرە بی، وا بێ ڕەوشت و کردەوەت
|
هەر وەها مات و پەشێو و، ملکەچ و جل شڕ ئەبی
|
دوژمنی گەورەی خۆتی، بۆ مەردمی دی نۆکەری
|
ئاخر و ئەنجامی تۆ کوردە، بزانە قڕ ئەبی
|
لاوی کوردی من، نەمامی نەوڕەسیدەی میللەتی
|
وەک پێشوونانت بجووڵێی، دیارە تۆشم زڕ ئەبی
|
ئەی ئەسیری تووشی دەردێ بوویتە دائولميللةیە
|
ناگەڕێ زارت هەتا دەمری، لە گۆڕا کڕ ئەبی
|