داخی کەوای شۆڕ سەڵتەی تاقمکار
|
دایم لە دڵما پێچ ئەدا وەک مار
|
عەبا و فەقیانە و لفکەی شان و مل
|
بۆ کوێستان زەمین لەکوێ بوون بە جل
|
بێجگە لەمانەیش سەرباری گشتی
|
مشکی و سرکەیی و جامانە و ڕەشتی
|
سەریان زل ئەکەن بەقەد کەلارێ
|
سەر یەک ئەکەون بار و سەربارێ
|
ئەم شاخ و داخە و ئەم دارستانە
|
ئەم بەفرە زۆرەی سەختی زستانە
|
جووتێ کڵاشی قاییم لە پەڕۆ
|
کاڵە و پێتاوی هەتاکوو ئەژنۆ
|
ئەمیان بۆ هاوین ئەویان بۆ زستان
|
پێویست بێ هەردوو بۆ بەرگی کوێستان
|
شاڵی سپاتی شیرینی تورجان
|
باد و باد کردی قۆڵی هەورامان
|
چاکترن لە گشت فاسۆنی ئەڵمان
|
جوانتر لە خام و فەنازی جاپان
|