داخەکەم کەوتوومە ڕۆژێ هەوڵی بەرگ و نانمە
|
گۆشت و خۆرشت و کەبابی مەڕ دڵی بریانمە
|
عوود و تار و بەربوت و ئاوازەیی ڕۆژ و شەوم
|
ناڵەناڵی سینەم و سۆزی کزەی گریانمە
|
گونیە کۆنم بۆتە فاسۆن و زەڕاتم بوو بە قووت
|
وەختی شین و زاری و هاوار و قوڕپێوانمە
|
کورکەکورکی بێچوەکانم دێنە دەورم تاق و جووت
|
دەی وەرن سەیری بکەن ئەم دەردی بێ دەرمانمە
|
ماڵ و منداڵیش بە هەر چۆنێ بێ هەرسوکنا ئەبن
|
ڕووڕەشی و هاواری مەحجووبی گەلێ میوانمە
|
ئاگرێ بەربۆتە عالەم وا لە سووتانا هەمووی
|
پاکی زوڵمی زاڵمێکی قەومی وەک ئەڵمانمە
|
بۆ دیفاعی ڕیش و پرچ و مێزەر و فەقیانەکەم
|
تۆپ و تەییارە و دەبابەی عەرسەیی مەیدانمە
|
بۆ عیلاجی دەردی قورس و بۆ نەمانی دوژمنم
|
دەفزەنی و ماگرتن و مەششاک و توربەی شانمە
|
موفتی تا ماوی بڵێ بۆ قەومەکەم یا خاکەکەم
|
قوڕ بە هەردوو دەس لە تەوقی سەر هەتا دامانمە
|
بۆ دەوای دەردم بەریتانی نەبێ چارەم نییە
|
ئاخری وا تێ ئەگەم هەر ئەو لەجێی لوقمانمە
|
حەربی پێشووشم لە فکرە زوو بە فریامان گەیشت
|
ئێستەکەیش هەروا ئەزانم هێز و پشتیوانمە
|