دراوسێش زەڕیەی دەنگی دایەوە
دراوسێش زەڕیەی دەنگی دایەوە | هەر تەنها «ئینگلیز» بێدەنگ مایەوە |
تەمە و بارانە و ئاگر بارانە | بارانەی کوشتار بۆ هەژارانە |
«ورچیش» لە بەشەر خۆی کردووە بە شێر | بە نیوەی دنیا، چاوی نابێ تێر |
سا «ئەمەریکا»ی لە سەر نەبوایە | با لە «قاریات»دا وا گیر بمایە |
لە «مازوری»دا تێڵا بەدەست بوو | لە ناو زۆنگاودا گیرۆدە و پەست بوو |
کە تۆ یاریدەی زاڵمێکت دا | دوایی چەپۆکت بە سەرا ئەدا |
لە خۆبایی بوون، کەوتنی لە دوایە | سەیری «هیتلەر» کەن، دنیاکە وایە! |
بەشەر تاقەتی شەڕی نەماوە | تا چاو کار ئەکا، دنیا خوێناوە |
نازانم مردن بۆچ وا ئاسانە؟ | بەرەوپیری مەرگ شایی و سەیرانە |
هەر دینی ئیسلام ڕێی سەلامەتە | «لَا تُلْقُوا...» ئەمری خوایە و ئایەتە |
من چیم لەمانە؟ هەر پۆکەر خۆشە! | نامپەرژێتە سەر ئەم واتەی بۆشە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 986
1949/10/27
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|