سوورەتی و الليلە باسی زوڵفی شاهەنشا ئەکا
|
صاد جلوەی چاوی کاڵی حەزرەتی والا ئەکا
|
دەستی من داوێنی تۆ، یا حەزرەتی «خير البشر»
|
من، سەگی ئەومە کە مەیلی سوورەتی طه ئەکا
|
بۆ نیشانەی عیززەتی یاسین بەبانگی بەرز ئەڵێی
|
باسی مێعراجی شەریفی الذی اسرى ئەکا
|
بێ تەماشا کە لە دەشتی عێززەتا بۆ قوربی حەق
|
کەی تەلەفوون یاخۆ تەلسز کاری وا خێرا ئەکا
|
چاو لە قونجانێ لە خاکا گەییە عەرشی بارەگا
|
دەک فیدای ناڵی بوڕاقت بم کە کاری وا ئەکا
|
مەحزی خەرقی عادەتە شاهم کە چوو بۆ لامەکان
|
وەرنە هەرلا مەیلی خۆی بێ، دیدەنی ئەعلا ئەکا
|
غەیرە مەحسوورە عەزیزم، باسی مێعراجی ڕەسووڵ
|
گەر ئەرەستوو بێ بەیانی وەسفی کا، بێجا ئەکا
|
قانعی ئومێدی ڕەحمی تۆی نەبێ بێ تۆشەیە
|
ڕۆژی مەحشەر، ڕوو لە لوتفی حەزرەتی لەولا ئەکا
|