دلبەرێکی خۆوڵاتی ئێستەکە دڵدارمە
دلبەرێکی خۆوڵاتی ئێستەکە دڵدارمە | بۆیە دڵ پڕ سۆزم و جار جار بەدەم هاوارمە |
من ئەگەر لەو تەلعەتەی ئیلهامی ڕۆحانیم نەبێ | چۆن خەیاڵی فیکری بیکر و کەڵکەڵەی ئەشعارمە |
وەی چ عەییارە هەزار مەکری لەژێر سەردا هەیە | گاهـ دڵ دز گەهـ بەعیشوە لابەری ئازارمە |
چاوی بازی هەر بەچاوبازی خەریکی فیتنەیە | لەعلی لێویشی ئەزانم وەک مەیی سەر شارمە |
حەز ئەکەم تێر سەیری چاوی کەم بەڵام مورغی دڵم | دێتە لەرزە و پێم ئەڵێ هاوار ئەوە شمقاڕمە |
نەوڕەس و نەوپێگەیشتوو، دەم بەخەندە، بێ ڕەقیب | شەرم ئەکا چونکە یەکەم نازدارەکەی ناو شارمە |
زۆر دەمێ بوو وێڵی شۆخێکی وەها بووم سەد شوکر | تازە وا دۆزیمەوەمن عاشق و ئەو یارمە |
بۆ یەکەمجار ئەو بوو دەرگای مەیکەدەی لێ کردمەوە | مەی گوساریی عەشقی هەر لەوساوە پیشە و کارمە |
هەر ئەویش بتخانەیی فێرکردم و لای دام لە ڕێ | تاکو ئێستاش جوانپەرستی شوهرەیەکی دیارمە |
داخی داخان زوو بەجێی هێشتم بەتەنیا مامەوە | خەڵکی گۆڕ و من ژیانم جێگە گۆڕەوشارمە |
وا بەناچاری و زەبوونی یادی بۆتە دلبەرم | شەرتە کردوومە و خەیاڵی دائیما وادارمە |
1943/07/01
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|