دنیا دەریایە خاشاک بەسەرە
دنیا دەریایە خاشاک بەسەرە | ژێرکەوتەیی بۆ دوڕ و گەوهەرە |
شاخدار بە شاخدار خۆی دایە قەڵەم | تەرزەی شوورەیی کردی بە هەڵەم |
بێ شوورەییە و خەتای سوورەیە | کەچی بە زوبان لە خۆی دوورەیە |
بەدگۆ لە پیاوی بە نامووس ئەدوێ | دەستە چەورەکەی لە خەڵک هەڵەسوێ |
خۆیشی وەک کاسەی چەورە بێباکە | گازری نایە مەگەر بە شیاکە |
یارێکم هەیە زۆر بێ بەقایە | شێوەی ڕەنگ ڕەنگی چوار فەسڵی تیایە |
گاهێکیش بە خوو ئەو کڵاو لارە | نێر و مێ دەبێ وێنەی کۆلارە |
چەرخ و فەلەکی جەژن دانرا | هەر کورسییەکی بە یەکێ درا |
کەوتە گەڕ و خول وەک چەرخی دەوران | یەک لە زەمین و یەک لە ئاسمان |
کەچی بە سووڕێ لەگەڵ کەوتە گەڕ | سەرووی خستە ژێر، ژێرووی خستە سەر |
لە کاری دنیای لادام دەستی زۆر | کەم دەسەڵاتی کردمیە حەڵاڵ خۆر |
ئەگینە دنیا لە دەست نادرێ | هەتا جگرە تەرک ناکرێ |
پشیلە کە دەمی نەگاتە جگەر | ئەڵێ تاڵ بووە بە دەلوبیبەر |
خواناسیش چشتێ زانی حەرامە | دەمی لێ نادا ئەڵێ: بێ تامە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 587
1939/11/28
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|