وا بەجێتدێڵم گیانەکەم ئازیز
|
ئەمە دواجارمە ئەڵێم خواحافیز
|
چونکە بە ناهەق دڵت شکاندم
|
گشت خۆشی، شادییت لە دەست فڕاندم
|
دڵمت بەجارێ پڕ کرد لە ئازار
|
لەجێی پێکەنین هەر گریەمە و زار
|
بەڵێنت دامێ کەوا هەردووکمان
|
تا مردن یەکمان خۆش بوێ بە گیان
|
کەچی بۆ دوایی بێوەفا دەرچووی
|
وەهام نەزانی کە بێبەڵێن بووی
|
وەک خەڵووز دڵمت ڕەش کرد لە سنگما
|
ڕۆحی بێچارەت دەرکرد لە چنگما
|
وتت بمدەرێ بۆ یادگاری
|
هەڵیانئەگرم بەوێنەی دیاری
|
دوای ئەوە هەموو ئەندامەکانم
|
لەلای من نەمان نە ڕۆح نە گیانم
|
هەموویانت کرد بە بەشداری خۆت
|
دەست و پێم مابوو بەشیان بوو بە کۆت
|
کەچی بەبێ هۆ هەمووت فڕێ دان
|
لە خوا نەترسای بێ دڵ و ویژدان؟
|
هەر بەشەی زامێ بوو بە هاوبەشی
|
لەشیش بێچارە بە بەختی ڕەشی
|
وەکوو دێوانە ئاوارەی هەردە
|
خۆشیی نابینێ هاوەڵی دەردە
|
خوای دڵدارانیش خۆی هەقستێنە
|
باش ئاگادارە بەم بگرە و بێنە
|
کەواتە ئەڕۆم خوات لەگەڵ، ئەی گیان
|
ئاخۆ چەندەی تر ئەخەیتە زیندان
|
بەوێنەی منی هەژاری کڵۆڵ
|
لە جیاتی باخچە ئەیانخەیتە چۆڵ
|
ئیتر گیانەکەم بەبێ گفتوگۆ
|
لەوە زیاتر لەسەری مەڕۆ
|
ئەمجا خواحافیز جادووی بێپەیمان
|
دوا خواحافیزت لێ بێ هەمدیسان
|