دووبارە چەرخی کەچ ڕەفتار بە کینەی من هەڵستاوە
|
چ سووچی من نییە وا خووی بەدی هێشتا لەسەر ماوە
|
تەسەللای عاشقان چۆن دێ لە دەورانی فەلەک، هەیهات
|
کە ئەم ئاشووبە ئێستێکەش لە بەینا سوڵحی نەکراوە
|
بیناییم کەم بووە یا ڕۆژی هیجران تارییە یاران؟
|
سیایی تالعی عوشاقە، یا زوڵفی پەشێواوە
|
شەوی فیرقەت گەلێ توولانییە خۆم ناخەوم ئەمما
|
کە چ بکەم بەختی بەد هەڵناستی دائیم لە خەو ماوە
|
وەکوو عارەب کە دەست و دامەنی ئێوەم عیلاجێ کەن
|
دڵی قەقنەس میسالم وا لە کوورەی سینە سووتاوە
|
لە دەست تابووری غەم ئێستێش ئەسیری دڵ بە مەزڵوومی
|
وەلێ چ بکا قوماندانی فیراقە ئەمری وا داوە
|
لە لایێکی جەفای یار و لە جایێکی بەڵای ئەغیار
|
ڕەهایی زەحمەتە سافی چ لەم لاوە، چ لەو لاوە
|