ئاوە جوانەکەی سەرچاوەی زەڵم
|
بۆچ بەهار لێڵی و پاییزان پڕ تەم
|
ئەڵێی سەرچاوەی بەختی کوردانی
|
لەسەردا سارد و سەر لە ئاسمانی
|
زۆری پێ ناچێ ئەکەویە زەوی
|
وەک فرمێسکی چاو بڵاو و نەوی
|
وێڵ و عەوداڵی ڕێی چغورد و هەرد
|
بە قەڵبەزەوە سەر ئەدەی لە بەرد
|
یەکدگیر ئەبی لەگەڵ تانجەڕۆ
|
بە عەشقی سیروان وێڵ و ڕەنجەڕۆ
|
لە دواواندا کە یەک ئەکەوی
|
وەک دوو میسرەعی فەردی مەولەوی
|
سیروانی ئەو چەم تانجەڕۆی ئەم چەم
|
بدەن وەهەمدا ئەم چەم تا ئەو چەم
|
سەر بنێرەوە بە لم و خاکا
|
بگری لە بارگەی سەلمانی پاکا
|
بڵێ: بە قوربان، تۆ ناوت پاکە
|
بمانخەرە ڕێی یەکێتی و چاکە
|
تۆ خۆت ئەزانی ئەو عەردە دێمە
|
کە پاراو ئەبێ بە ئاوی ئێمە
|
کە وا بێ گوڵ و نێرگس پێکەوە
|
با شاد بن بە دڵی ڕێک و پێکەوە
|