دوور پەرێزن لێم ئەمێستە کۆمەڵی یارانی من
|
بێ سەبەب تەرکی ئەفەرموون سوحبەتی جارانی من
|
تیری هیجرانە جگەرگاهی ژیانی پارە کرد
|
موشکیلە چارەی برین و دەردی بێدەرمانی من
|
دڵ ئەسیری دەرد و یاری بێوەفاش لێم عاجزە
|
نائومێد و زویرە لێم جانی من و جانانی من
|
دەردی دووری یار و دائیم شەونشینی ئینتیزار
|
تا سەحەر بێدارە بەخوا چاوی پڕ گریانی من
|
شەو هەتا وەختی سەحەر بێ یار و غەم یاوەر بووە
|
ئاهـ چ ئاڵۆزە بە دەستی جەورەوە دەورانی من
|
مەستی بادەی ئاخری عومرم، جوانیش چوو لە دەس
|
بۆیە ئێستە خاڵی ماوە جامی سەر لێوانی من
|
وا لەناو گێژ و شەپۆلی غەم دڵی بێچارەکەم
|
غەرقی خوێناوی جگەرمە تا بە ئاو دامانی من
|
تاکوو ئەم نیوەحەیاتەم ماوە ڕەحمێ بۆ خوا
|
بۆ شەوێک تەشریف بهێنە خانەیی وێرانی من
|
یار و یاوەر لێم بە دوور کەوتن لە ناڵەناڵی شەو
|
بۆیە دائیم دڵحەزینن مەجلیسی دیوانی من
|
هەر کە ئێوارە ببێ تاقی برۆت میحرابمە
|
ناکرێ بێ غائیلە بۆم نوێژێکی شێوانی من
|
مالامالە خانەیی سینەم لەبەر دەردی فیراق
|
کاسەیی کەیلم بە کەیلە پوڕ لە غەم پێوانی من
|
دەردی پیری وەزعی کەم ئەوزاعی بۆم بۆتە سەبەب
|
بێ سەر و سامانە فکری بێ سەر و سامانی من
|