دوێشەو لە خەوا دیم سەنەمێ نازک و نازدار
|
شیرین دەهەنێ غونچە لەبێ وەک گوڵی گوڵزار
|
جانم بە فیدای بێ نەکوو جارێکی هەزار جار
|
بۆ ئەو قەدە، ئەو قامەتە، ئەو لێوە شەکەربار
|
لاکین لە دڵا مات و مەلوول، عاجز و غەمبار
|
نازک سەنەمێ چاوی وەکوو نێرگسی شەهلا
|
گەردەن بە مەسەل عەینی وەکوو گەردنی مینا
|
قامەت چ قیامەت چ بڵێم قامەتە هەڵسا
|
دەستکردەیی ئوستادی ئەزەل حەزرەتی مەولا
|
دوور بێ لە بەڵای چاوی بەد و تەعنەیی ئەغیار
|
قابیل نییە مەدحی چ لە حوسنا چ کەماڵا
|
ئەم نەوعە جەماڵە نەبووە هیچ لە خەیاڵا
|
ئەو قامەتە باریکە بەڵایە نەکوو باڵا
|
گوڵ گوڵ وەکوو تاوووسە لە نەقش و خەت و خاڵا
|
دوور بێ لە بەڵای چاوی حەسوودانی بەد ئەفکار
|
لەو شەمسی ڕوخەی شەمسی فەلەک نەختێ حەیا کا
|
دەورانی بەجێ بێڵێ بەرەو کۆی ئەوێ ڕاکا
|
شوعلەی کە لەسەر ئەرزە بەرەو ڕوویی سەما کا
|
لازم نییە حاجەت بە زیا ڕەونەقی ناکا
|
دونیایە چراخانە شەو و ڕۆژی بە یەکجار
|
لەگەڵ ئەو حۆسن و جەماڵە کە هەیە ڕووت و پەرێشان
|
بیبینە لەسەر تەوقی سەری تاکوو بە دامان
|
بەم بینینە بوو ماڵی من و عالەمێ وێران
|
ڕۆژم بووە عاشوور و بە کوڵ کەوتمە گریان
|
بۆ ئەو گوڵی نازدارە وەکوو ئاهوویی تاتار
|
ئەمجا نەزەرم کردە جەماڵێکی بزڕکاو
|
ئاڵۆز و تەواو پەرش و پەشێو پەرچەمی ژاکاو
|
لەم لاوە بۆ ئەو لاوە چەماوە قەدی لاولاو
|
وەک توولە نەمامێ لە سەر و ژێری چەم و ئاو
|
بێ بەرگ و لق و پۆپی ڕزیو شوێنی سەرەوخوار
|
فرمێسکی ئەڕشت عەینی وەکوو هەوری بەهاری
|
لێم پرسی بڵێ پێم چییە وا گریە و زاری
|
زارم بە فیدای تەنگی وەکوو غونچەیی زاری
|
دەک موڵکی سلێمانی هەموو بێ بە نیساری
|
ئەسبابی چییە ئەی سەنەما گریە و ئازار؟
|
ئەو وەختە کە دیم ئاگری بەردایە گیانم
|
هەر ئەو دەمە بێخود لەپڕا لاڵ بوو زمانم
|
بەو داغەوە وا ئاخری هات وەقت و زەمانم
|
هاوارە ئەوا دەرچوو لە تەن ڕۆحی ڕەوانم
|
ناڵەم ئەچووە چەرخی فەڵەک گونبەدی دەوار
|
پێم گوت سەنەما بەهری خوداوەندی نەدیوە
|
بەو حوسن و جەماڵەی کە خودا داویە بە ئێوە
|
جوابی بدە ئەی ڕۆحی ڕەوان لەو دەم و لێوە
|
فریام کەوە ڕۆحم لە بەدەن دەرچوو بە پێوە
|
غەم بوو بوو ئەنیسم غەمی تۆیش لێم بووە سەربار
|
ڕۆحم بە فیدات بۆ چی وەها مات و حەزینی
|
ئەسبابی چییە ئەی سەنەما چاو بە گرینی
|
وا مات و مەلوولی شەو و ڕۆژ گۆشەنشینی
|
خۆزگەم بەوە ئەمزانی چییە بۆ چی غەمینی
|
مردم لە غەما خەڵقە دەخیل فرسەتە هاوار
|
لێم هاتە جواب و گوتی من مادەری کوردم
|
مەعلوومە کە پەروەردەکەری کوردی نەبەردم
|
بێشک نییە ئێستە کە ئەبینی ڕوخی زەردم
|
سەد خۆزگە بە سەد خۆزگە کە من زووتر ئەمردم
|
نەمدیایە نەوەم ببنە ئەسیر خادمی خوێنخوار
|
من مادەری کوردانی زەمان هەر وەکوو شێر بووم
|
شێرانی نەبەرد دایکی کوڕی کوردی نەبەرد بووم
|
ژێردەستی نەوەی من بوو هەموو مەملەکەتی ڕووم
|
ئێران و هەموو موڵکی خەتا خاکی قەراقووم
|
ئەمبەخشی هەموو تاجی سەری قەیسەر و سەردار
|
میران و شەهانێ کە لەسەر ئەم ئەرزە ئەژیان
|
کوردانی نەوەی من بوون لەسەر کورسیی دەوران
|
لەو بەحری ڕەشە بگرە هەتا خاکی خۆزستان
|
بێ غیرەتیان ئاخری گشت دەرچوو لە دەستیان
|
ئێستە کە زەلیل، زار و زەبوون غەمگین و لێو بەبار
|
ئەو وەختە کە من بیرەوەری دایکی وەتەن بووم
|
فەرماندەری دەور خانمی سەر موڵکی خوتەن بووم
|
کەس ناوی نەبوو غەیری نەژادی من و من بووم
|
بەخوا ئیتر موستەحەقی دەفن و کەفەن بووم
|
ئێستەم کە ئەبینی شەو و ڕۆژ عاجز و بێزار
|
هەر ڕۆڵەیی من بوون لە جیهانا هەموو پێشڕەو
|
دائیم لە حەشەمدا وەکوو شاهی کەی و خوسرەو
|
ئێستە کە هەموو خادمی دەرگاهی ئەم و ئەو
|
برسی و ڕەش و ڕووت، بێ خەبەر و چاوی پڕی خەو
|
بەو نەوعە ئەبن بۆ گەلی بێچارە مەدەدکار
|
عیبرەت بکە بیبینە وەرە دایکی دراوسێم
|
داپۆشراوە ئەندامی سەراپا لە زەڕ و سیم
|
ئەمجا وەرە بنواڕە منیش ڕووتم و برسیم
|
ئەیزانی کە چی بووم و ئەمێستاکە کە من چیم
|
ئەولادی ئەوان بوون هەموو سالار و بە سەردار
|
غەیر من نەوەکەم گشتی لەبەر بوخل و حەسادەت
|
خاڵی لە وەفا، دوو ڕووییان بۆتە عیبادەت
|
دەستی تەمەع و تەبنیان لێ بووە عادەت
|
ژێر دەست ئەکەون دەرچوو لەدەست حوکمی سیادەت
|
بەسیە کوڕەکانم ببنە دارێکی بەردار
|
بۆ خاتری خوا بەسیە لەمەو لاوە حەزەر کەن
|
ئەم تەوسییەیی دایکی خۆتان نەختێ لە بەر کەن
|
زوو هیممەتێ ئەم خاکە لە بێگانە بە دەر کەن
|
ئەی ڕۆڵە کڵاوی ئەبەدی مەردی لەسەر کەن
|
ڕۆڵە وەرە غیرەت کە خێرا من بکە ڕزگار
|
ئەی ڕۆڵە ئەمە غیرەتە من لێوە ئەبینم
|
سەرپۆشی سەرم بۆتە سەما فەرشە زەمینم
|
زوو کە وەرە ناو هەڵمەتی مەردانە ببینم
|
سەرکەوتنی خۆتان و گەلان تاکوو ئەمێنم
|
غیرەت بکەن و دەس بدەن و بێنەوە بەرکار
|