دڵا پێم خۆشە قوربانی قەد و باڵای نیگارێ بی
|
لە سایەی ئەو نیگارە تا لە جوملەی بەختیارێ بی
|
چ خۆشە من کە سەییادی جەوانان بم لە چۆڵ و هەرد
|
بە شەرتێ تۆیش لەناویانا غەزاڵەی ناو نزارێ بی
|
بە جوانی خۆت مەنازە ئەی جەوانم بەسیە مەغرووری
|
بەڵێ وا فەرز کرا غونچەی گوڵێکی نەوبەهارێ بی
|
ئەکەم گیانم فیدای خاڵی سەری گۆنات بە جان و دڵ
|
بە شەرتێ تۆیش هەتا ماوی لەسەر قەول و قەرارێ بی
|
جەوانم خۆت بپارێزە لە ئاهـ و ناڵەیی سینە
|
مەبادا خوانەخواستە بەر دوعایی دەردەدارێ بی
|
نییە باکم هەموو ڕەنجم عەبەس بڕوا وەکوو فەرهاد
|
بە شەرتێ هەروەکوو شیرین بە دڵ بۆم غەمگوسارێ بی
|
نەما تاقەت لەژێر باری غەم و هیجرا ئیتر بۆ چی
|
لەسەر ئەم باری هیجرانە دیسان تۆیش نیوەبارێ بی
|
بە خاکی پات قەسەم یارا نیاز و مەقسەدی ئێمە
|
وەهای پێخۆشە تا ماوی گوڵی غونچەی هەنارێ بی
|
وەرە ئەسپی بەلاغەت لنگ بدە عورفی لە مەیدانا
|
کە بەڵکی تۆیش لە ڕیزی شاعیرانا نیوەسوارێ بی
|