دڵبەرم دیسان دەڕێژێ خوێن لە جەرگم بێ حیساب
|
جارێ لانابا حیجاب تا دەرکەوێ بۆم ئافتاب
|
کردمی ڕیسوا کە پۆشی زولفەکەی کوڵمەی گوڵی
|
بۆیێ پیشەم ناڵە ناڵە هەر وەکوو نای و ڕەباب
|
ئاگری دووری لە یارم وا سوتاندی جیسم و جان
|
نەک ئەوە جەرگ و دڵیشم بوونە بریان و کەباب
|
سا ئەگەر دەنگ و سەدای ناڵەم بگاتە ئاسمان
|
یان هەموو دونیا بە هاوار پڕ بکەم مەگرن عیتاب
|
ئاگری گەرمی عیشق هەم حەسرەتی دووری لە یار
|
زیاد دەکەن لەحزە بە لەحزە ڕۆژ و شەو دەرد و عەزاب
|
هەرکەسێ تۆزێ لە تاڵیی عیشقبازی چێشتبێ
|
ئەو دەزانی چۆنە دەردی عیشق و تاڵی ئەو شەڕاب
|
حاڵەتی عاشق بە دائیم هەر وەکوو تینووی لە دەشت
|
ڕا ئەکا بۆ ئاو لە کاتێ بێتە بەرچاوی سەراب
|
با وەکوو بولبول هەمیشە دێ چریکەی تا سەحەر
|
نەغمە خوانە تا بنۆشی بۆ شیفای دەردی گوڵاب
|
«عاجزا» لەم بەحرە دەرچوون زەحمەتە بەسیە ئیتر
|
ڕوو لە مەولاکە لە مەولا مونعیم و ساحێب عیقاب
|