دڵبەری، نازپەروەری، ڕووئەنوەری، مەهپارەکەم
|
نەونیهال، ئەبرۆ هیلال، شیرین جەمال، نازدارەکەم
|
مەهروویی، موشکین موویی، چاو ئاهوویی سەحرای خوتەن
|
سوور گوڵە، موو سونبولە، ماهی پەری ڕوخسارەکەم
|
جانی جانان، شاهی خووبان، ڕەهزەنی پیر و جەوان
|
گوڵ ڕووە، شیرین خووە، شۆخی شەکەر گوفتارەکەم
|
چاوی کاڵە، لێوی ئاڵە، ڕوو بە خاڵە، دڵبەرم
|
زوڵفی خاوە، لێم بە داوە، یارەکەی ئەغیارەکەم
|
چەندی بێ مەیلیم دەکەی، سەد هێندە مەفتوونم لە بۆت
|
جارێ ڕەحمێکت نەبوو دەرحەق دڵی خەمبارەکەم
|
بەسیە بێڕەحمی بە قوربان، پایەماڵی غەم بووم
|
ڕێی نەجاتیم بۆ نییە گەر تۆ نەبی غەمخوارەکەم
|
ئەشکی چاوم ئەرزی داگرت، دوودی ئاهم ئاسمان
|
بۆیە وا ڕەش داگەڕا لەو ئاهی ئاتەشبارەکەم
|
وا لە جێی نێشی خەدەنگت تا بە ڕۆژی حەشرەوە
|
خوێنی لێ دەڕژێ بە دائیم لەو دڵی زامدارەکەم
|
سافییا سا حاڵ پەرێشانیم لە غایەت دەرچووە
|
ڕووحەکەم ڕەحمێ بکە بەو شین و گریە و زارەکەم
|