دڵم پەژموودەیە ئێستێ دەخیل موتریب سەدایێ بێ
|
لەدەس هیجرانی یارم نیونەفەس ماوە وەفایێ بێ
|
لەباتی شادی و خۆشی گەلێ بێمار و غەمناکم
|
مەگەر بەم لاوک و حەیران و نیوەشەو بۆم شفایێ بێ
|
غەمی هیجرانی تا کەی بێ، سەدای نەی موتریبا، سا دەی
|
بەیات و شوور ماهوور و قەزاز و دەستگایێ بێ
|
بەبێ ئاوازی تۆ ئەسڵا نییە چارەی دڵی شەیدا
|
دەخیل دەنگی سەبا، ڕاست و حیجاز و چارگایێ بێ
|
لە پاش مردن وەسییەت بێ لە جێی یاسین و تەڵقینم
|
سەدای دیوان و عورفا و دەنگی کورد و قوریایێ بێ
|
بە دەستی ئەو حەبیبە گەر ئەمن مردم شەهیدێکم
|
گەواهیم خوێنە فەردا ناهەقە کەس ئیدەعایێ بێ
|
ڕەجا کەن تۆ خودا یەک دەم کە یار بێتە سەرینی من
|
بڵێ کوشتەی منە سافی ئەگەر چی بێ خەتایێ بێ
|