دڵی کۆنەم خەیاڵی وایە دەردی تازە پەیدا کا
|
بە پشتی کۆمەوە عەقڵی گوزەشتەی کۆن ڕیسوا کا
|
بە پیری فێر پڵاو خواردن ئەبم دەس بۆ دەمم نابەم
|
خەیاڵی خاوە چۆن کۆتر هەوای نەخچیری عەنقا کا
|
لە کێوی بێستوونی عەشقەدا فەرهادی بەدبەختم
|
وەلەو شیرینەکەم مەیلی دڵی پەرویزی کەسرا کا
|
بەسەرهاتم وەکوو مەجنوونە ئەمما عەشقی پیر ئاموز
|
بەدیانی کەوتوو عاشق لە جیاتی عیشق بێجا کا
|
بناغەی زوهدی تێک دام و وتی من گەر مەسیحیش بم
|
کریدارم ئەبێ مەیلی تەجەللای نووری عیسا کا
|
دەسم برد سوخمەکەی لابەم تەماشای باخی سینەی کەم
|
وتی ئەی بێ ئەدەب عاسی لە جەننەت چۆن تەماشا کا؟
|
ئەزانێ یار بێ مەیلە ڕەقیبی بەدگۆ هەر پەی پەی
|
خەیاڵی وایە ئەربابی مەی و مەیخوارە ڕیسوا کا
|
ئەگەر قانع لە لافی عیشقەدا کەللەی بە جۆشش بێ
|
هەزار مەجنوون و سەنعانیش بە زەوقی شیعری شەیدا کا
|