دڵ ئاوێنەیە ڕێی خوا ئەنوێنێ
دڵ ئاوێنەیە ڕێی خوا ئەنوێنێ | ژەنگ بگرێ جەلای جە لا نامێنێ |
خۆش ڕابواردن بە دڵی پاکە | ئەوی دڵپاکە، بێ باکە، چاکە |
هەموو دەوڵەتی دونیات دەسکەوێ | خۆشی نابینی کە دڵ نەسرەوێ |
چەند خۆشە لەگەڵ چەند برادەرێ | بێ کینە و بێ غەم، پیاو بەسەر بەرێ |
دەوڵەت کە زۆر بوو سەر ئەشوێنێ | بڵێی کەیف ئەکەم لە لات نامێنێ |
من چەندێ هەندێ ئاڵتوونم دەستکەوت | بە لێکدانەوە خەوم لێ نەکەوت |
بێ خەویش ڕێگەی ئیشتیای بەستم | تا شوێنی کەوتم دەرچوو لە دەستم |
ئێستا ئەو بە شوێن مندا ئەگەڕێ | چونکو قانیعم بە وشک و تەڕێ |
ئەمانە واتای گوێ ئاگردانن | ئادەمی لە دووی ماڵ سەرگەردانن |
خۆهەڵکێشانە و دڵخۆشی بە زۆر | کەم دەسەڵاتی کردمیە حەڵاڵخۆر |
ئێستا کە ئەیخۆم ژەمی «گورگ»ییە | کێ ئەڵێ پیشەی ڕێی بزورگییە |
بەڵام ئەمەندە هەیە خواپێداو | بە شوێن ماڵا خۆی ناخاتە قوڕاو |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 746
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|