دڵ لە بۆ مەحبووبە دیسان گریە و زاری دەکا
|
وا لە هەردوو چاوەکانی خوێن و ئاو جاری دەکا
|
وا سەراسەر ڕووی زەمینی گرتووە خوێناوی ئەشک
|
دوودی ئاهیش ڕۆژی پۆشی و ئاسمان تاری دەکا
|
زۆر بە ئازارە دڵی زارم لەبەر هیجرانی یار
|
ناحەقە ئەو عالەمە لەو زارە بێزاری دەکا
|
مەرحەبایێکم بکا بۆ دڵفریبی منیەتی
|
وەرنێ ئەم بێڕەحمە کەی بۆ عاشقان یاری دەکا
|
ڕێی موسوڵمانی لە دڵ نیشت پەرچەم و ئەگریجەکەی
|
بۆیێ ئێستێش وا بە یادی زولفی زینناری دەکا
|
چاوەنۆڕی یارە بۆیێ ڕیگە دەڕشێنی بە خوێن
|
عەیبی لێ مەگرە کە ئەو بێچارە خوێنباری دەکا
|
قەت مەڵێن یار بێوەفایە وا بە ناحەق دەیکوژێ
|
بیکوژێ یا نەیکوژێ سافی فیداکاری دەکا
|