دڵ لە بەندی سینەدا دووبارە واوەیلا ئەکا
|
نووربەخشی ناسرەوێ مەیلی شەڕ و غەوغا ئەکا
|
ئینتقامی قەومی لێقەوماو بە حەق داوا ئەکا
|
ڕۆژ و شەو فیکرم لە دونیادا عەلەم بەرپا ئەکا
|
تیغی شیرم ئارەزووی سەیدی شکاری شا ئەکا
|
سەیری دوژمن کەن بە فیکری خامەوە بۆتە تەرەف
|
بۆ شکاری شێری شەرزە پیری ڕێوی هاتە سەف
|
نیشتمانی پاکی بێکەس دیوە بۆیە کەوتە گەف
|
وام لە مەیدانی شەجاعەتدا موباریز کوا ئەسەف
|
سەفدەری ڕۆژی وەغایی تابینە داوا ئەکا
|
دەست بە دەست یەکتر بدەن ئەی لاوەکانی مەرد و قۆز
|
تاکوو کەی دوژمن لەناومانا ئەبێتە گورگی هۆز
|
بێن ببینە پشتیوانی یەکتر و بیکەینە تۆز
|
دەست بە داوێنی خوداوە بگرین و بگرین بە سۆز
|
تاکوو دوژمنمان لە جنّاتُ الإرَم بەرپا ئەکا
|
نامەوێ ژینی ئەسارەت، بەسمە عومری گومڕەهی
|
نایکەمە سەر خۆم بەدەستی موددەعی تاجی شەهی
|
قەد بە ئەمری دوژمنانم نامەوێ فەرماندەهی
|
نامەوێ تەختی کەی و بەختی جەم و شاهەنشەهی
|
تیشنەیی خوێنی عەدووم و بۆ حوقووقی وا ئەکا
|
تا بە ئازادی ئەگەم کوێری ئەکەم چاوی ڕەقیب
|
تا لە زوڵمی ئەجنەبی ڕزگار ئەبێ کوردی نەجیب
|
ٲطلِب النَجاح و التوفيق مِن رَبّ المجيب
|
ئایەتی «نَصر مِن الله»یە هەتا «فَتحٌ قَريب»
|
دەنگی تەگبیری سبەینانم بە إلا الله ئەکا
|