دڵ لە هیجرت وا لە خەمدا، ماهی کەنعانم وەرە
|
زەخمە جەرگم بۆ فیراقت، زوو بە لوقمانم وەرە
|
سەد تەبیب هات و عەلاجی ئەم برینانەی نەکرد
|
تۆ عەلاجی زەخمەکەم کە، سا بە ئامانم وەرە
|
گەر دەزانی چەند پەشێوە حاڵەکەم بۆ دیدەنت
|
سەد ئەوەندەی زوڵفەکانت دڵ پەرێشانم وەرە
|
لوتف و تانەی تۆ لەلای من هەردوو وەک یەک ڕەحمەتە
|
کەعبە کەچ نابێ، لەبەر لۆمەی ڕەقیبانم وەرە
|
هەرکەسێ هات و بەتیری غەمزەکەت سەد پارە بوو
|
کەس نییە وەک من حەریفت، مەردی مەیدانم وەرە
|
کافرا، دەردی فیراقت وا لە جەرگم کارییە
|
سا بکە ڕەحمێ بە حاڵم، ماهی تابانم وەرە
|
سەد کەڕەت ئیمڕۆ لە دووریت خوێن لەچاوم جارییە
|
غەرقی دەریای ئەشکی خوێنم، شەمسی خووبانم وەرە
|
گا دەگریێم، گا دەسووتێم، کار و بارم زارییە
|
زیوەری تاجی غەریبم، شاهی خووبانم وەرە
|
سینە ناڵان هەر وەکو بولبول لە دووری گوڵشەنت
|
سا بە لوتفێ بمدوێنە، جانی جانانم وەرە
|
بەس جەفا بنوێنە قوربان، زوڵمی ناحەق چا نییە
|
کافریش ڕەحمێ بەسە، دەی، دین و ئیمانم وەرە
|
سوورەتی باڵات بە دایم نەقشی قەلبی زارمە
|
هەر وەکوو مەجنوون لە ئەشقت دیدەگریانم وەرە
|
دیدەمەستی، شۆخ و شەنگی، نازەنینەی شارەزوور
|
دڵ ڕفێنی جەمعی عالەم، کەبکی کووهانم وەرە
|
دڵ لە دووریت پڕ لەخوێنە، شەمعی دیوانی ئەمن
|
هەروەکوو تاهیر هەمیشە سینە بریانم وەرە
|