دڵ نەخۆش و زامداری دەردی یارم ڕۆژ و شەو
|
گریە و شینە لەباتی کەسب و کارم ڕۆژ و شەو
|
ڕۆژ و شەو دێنن خەیاڵی حوسن و زولفی بۆیە وا
|
بێ قەرار و غوسسەبار و بێ ویقارم ڕۆژ و شەو
|
یا بە ئوممێدی ویسالم یا لەبەر دەردی فیراق
|
وا دەمێ شاد و زەمانێ بێقەرارم ڕۆژ و شەو
|
ڕۆژ و شەو تەفسیری ئایەی حوسن و زولفی یار ئەکەن
|
وا گەهێ فەرهاد و گەهـ مەجنوونەوارم ڕۆژ و شەو
|
شەو لەبەر عیدی ویسال و ڕۆژ لە ئازاری فیراق
|
خواب و خۆراکم نییە سەبر و قەرارم ڕۆژ و شەو
|
پێی وتم مەگری کە ئازاری دڵت ساکین ئەبێ
|
هاتە سوێ کۆنەبرینی ساڵی پارم ڕۆژ و شەو
|
لەو دەمە لەفزی کە جاری بوو، لە چاوم سەدهەزار
|
جۆگەلەی خوێن جارییە، بەحر کەنارم ڕۆژ و شەو
|
خۆی نواند و لێوی گەست و لێم بزربوو لوجئەتەن
|
فەتحی کرد و ڕۆحی برد و غوسسەبارم ڕۆژ و شەو
|
دەستی نایە سەر دڵم پرسی لە ئەسبابی مەرەز
|
تێگەیی وا لێدەدا نەبز و دەمارم ڕۆژ و شەو
|
خۆ لەناو ئاوێنە وا مەعلوومە دەرد و عیللەتم
|
ئینتیزاری ڕەحمەت و دەرمان و چارم ڕۆژ و شەو
|
چاوی ئاڵۆزە برۆی جووڵانەوە لێوی گەزی
|
پەنجە دەبزێوێ شوکر مەستە خەسارم ڕۆژ و شەو
|
چاوەڕێمە چونکە وەعدەی ڕۆژی وەسڵی دا شەوێ
|
وا بە دائیم کاتیبی لەیل و نەهارم ڕۆژ و شەو
|
شەو لەبەر جەژنی ویسال و ڕۆژ لە ئازاری فیراق
|
خواب و خۆراکم نییە وەڵلاهی یارم ڕۆژ و شەو
|
شەو کە دەنگی هەلهەلەی دڵ هات و سابیر ڕاچەنی
|
خۆ بە بێ حیکمەت نییە وا ئینتیزارم ڕۆژ و شەو
|
سابیری لەوساوە ئەو دڵدارە وەعدەی داوە پێم
|
ئینتیزار و کاتیبی لەیل و نەهارم ڕۆژ و شەو
|