دڵ وەکوو قومری لە حەسرەت سەروەکەی باڵاتەوە
|
وێڵ و سەرگەردانە دلبەر خوێنی دڵ ئەخواتەوە
|
تو خوا بێژە بە چاوت زوو لە گیانی کاتەوە
|
موددەتێکە من گرفتارم بە دەم سەوداتەوە
|
بووم بە داوی چینی زوڵف و پەرچەمی تاتاتەوە
|
چاوەکەم ئۆخەی نەجاتم بوو لە قوڕپێوانی کۆت
|
ئاگری بەردایە عومرم غەمزەیی دیدە و برۆت
|
سەیریکە باغی نیشات و مەزرەعەی شادیمە سووت
|
گەر دەپرسی حاڵی پەروانەی دڵم دوور بێ لە ڕووت
|
وا لە سۆزشدایە لە سایەی شەوچرای گۆناتەوە
|
ئەی نیگاری گوڵ بەدەن ئەی شۆخ و شەنگی دیدەباز
|
لەعبە تەنزی خۆش خەرام ئەی مەهوەشی شەعبەدەباز
|
ڕۆحەکەم تۆ بی و خوا لەم نوقتە مەگرە ئیعتیزاز
|
مێشی خاڵت نافڕێ بەس باوەشێنی کە بە ناز
|
چونکە پابەندە بە شەهدی ڕوومەتی زێباتەوە
|
عاشقی ڕووی تۆیە بۆیە سینەیی داغانە گوڵ
|
عەتری زڵفی تۆیە بۆنی مێخەک و موشک و سمڵ
|
قیبلەکەم سوێن بێ بە سەفحەی کوڵم و خاڵی دەوری مل
|
مەنعی قوللابی موژەت ناکەم لە ڕاکێشانی دڵ
|
چون ئەسیری زوڵفی خاوی خۆیەتی ئەیباتەوە
|
هاتە دەر نواندی بە ناز و عشوە شۆخی چاومەسێ
|
ڕوو وەکوو خورشید و باڵا نەونەمامی نەورەسێ
|
یەک بە یەک یاران ئەیانوت ئەم کەلامە گشت کەسێ
|
شین و واوەیلایە ئاساری قیامەت هەڵ ئەسێ
|
گوڵ بەدەن ئەمڕۆ کە ڕۆییوە ئەگەر لاکاتەوە
|
دولبەرا دوێنێ بە ناز هەڵسای لە بانی جێگەکەت
|
فرسەتم زانی بە قوربان بێم و بگرم ڕێگەکەت
|
مادەمێ بۆ من نەبوو بیکەم تەوافی جێگەکەت
|
وا سەرم دانا بە ڕەسمی بەردەبازی ڕێگەکەت
|
مەڵهەمی دەردی سەری من وا بە گەردی پاتەوە
|
ئەی شەهی موڵکی مەلاحەت تاجداری خێڵی حوور
|
وەی خەدەنگی غەمزەکەت تیری دەسی بارامی گوور
|
ڕێم بدە تۆ بی و خوا عەرزم هەیە بێمە حوزوور
|
شاهی چاوت موڵکی سەبر و تاقەتی بردم بە زۆر
|
مەسحەفی ڕووی تۆ بە گژیا چێ ئەگەر نەمداتەوە
|
وا بە بەردی دووریەکەت من شووشەیی سەبرم شکا
|
وەک فوارە چاوەکەم خوێناو لە چاوم سەر ئەکا
|
سەیریکە نووری بیناییم وا لە دووری تۆ تکا
|
لەب شەکەر فەرموو بە زوڵفی باوەشێنی لێ ئەکا
|
مێشی ڕۆحم گەر بنیشێتۆ بە قەندی جاتەوە
|
پێکیا جەرگم بە نووکی تیری چاوە کاڵەکەت
|
لێوەو و عەوداڵی کردم ناوقەدە شمشاڵەکەت
|
هەر وەکوو مینە دەڵێم قوربان لە دەوری ماڵەکەت
|
خەتتی دەرسی عەشقی «ناری»ت وەک ڕوقوومی خاڵەکەت
|
وا بە لەوحی گەردنی بێگەردی وەک میناتەوە
|