دیسان ناڵەی پیری پیران
خوایە من زۆر جار دێمە سەر ئەوە | ئەوەی ئەیبینم پێی بڵێم خەوە |
هەموو کردەوەی تۆ عەدالەتە | هەموو دەورێکیش زاڵم ئالەتە! |
تا یەکێک نەدەی بە کوشت بەوی تر | کەس کورسی جاهی بۆ نابێ ئیتر |
تا لەقە نەدات بە دارا یەکێ | توو بۆ ئەوانەی ژێر دار ناتەکێ |
بە دیمەن ئەمە عەدالەت نییە | بەڵام بە مەعنا کەچ دیدەنییە |
ئێمە تێناگەین لە ئەسراری غەیب | هەر خۆت ئەیزانی حاکمی بێ عەیب |
غەیری تۆ حاکم کێیە دایم بێ | تا ئەبەد لە شوێن خۆیدا قایم بێ؟ |
هەموو حاکمێک تابعی ئەمرن | یا عەزل دەکرێن یا هەموو دەمرن |
کەس لە تۆ ناکا و، تۆ لە کەس ناکەی | ئەو خوداوەندە گەورە و بێ باکەی |
ئەزەلییەتت سەرەتای نییە | ئەبەدییەتت مونتەهای نییە |
شوێن ئەزەل کەوتین هەر سەربەرەوژوور | گەردی ڕێگەشمان نەئەدی لە نوور |
گەڕاینەوە سەر ئەبەد سەرەوخوار | لە ڕێدا گووم بوین کەوتینە هاوار |
داد لە دەست سڕی عیلمی ئیبتدا | بێداد لە ڕشتەی توولی مونتەها |
کەوابوو ئێمە ڕەخنەی چی بگرین | ئێمە نازانین خۆمان کەی ئەمرین |
کە زیندەگیمان بە ئەمری تۆ بێ | پیشەمان بۆچی هەر چڵ و چۆ بێ |
لوتف دەربارەی خراپ بنوێنی | ماڵی هەژاری پێ بڕووخێنی |
ئەگەر بێت کەسێک بڵێ: چی دەکەی؟ | بە زاڵم دەڵێی: تێیهەڵدە سا دەی |
ماڵ، ماڵی خۆتە و بەندە، بەندەی خۆت | چی دەکەی بیکە خۆ وا لواوە بۆت |
«لا يسأل» بووە بە قفڵی دەممان | هەڵدەکەین لەگەڵ شعوری کەممان |
پیرێژن ئەڵێت: خوا خەتاپۆشە | هەرچی لای خواوە بێ پێمان خۆشە |
1938