دیل و پابەندی جەهالەت غافڵ و شێتانە خۆم
|
ساکینی کونجی مەلالەت خادیمی بوتخانە خۆم
|
سالیکی ڕێگەی زەلالەت پیس و نامەردانە خۆم
|
«مەست و سەرخۆش و خەجاڵەت، بێ دڵ و دێوانە خۆم
|
دڵ لە دەست دەرچووی خەیاڵی بادەیی مەستانە خۆم»
|
پەندی پەند گۆیان لە من قاپی خراپەی دانەخست
|
بەڵکو دائیم بووم بەرامبەر ناسیحانم بەرهەڵست
|
بێ موبالات بووم لە ئەفعالی دروست و نادروست
|
«بێ شعوور و خودپەسەند و هەرزەگۆ و دونیا پەرست
|
لێوەشاوەی سەرزەنشتی ئەقریبا و بێگانە خۆم»
|
قەت مەکەن باوەڕ بە من هەرچی بکەم هەرچی بڵێم
|
چاکە زۆر دوورە لە من زۆر زەحمەتە قەت بێتە ڕێم
|
با بە سیمای ساڵحانیش بێمە بەرچاوان کە بێم
|
«گەرچی زاهیر وادەبینن دائیما مزگەوتە جێم
|
سینە پڕ بوغز وحەسادەت تالیبی ئەفسانە خۆم»
|
کەس وەکو من بێ عەمەل خۆی ڕووت و ڕیسوا قەت نەکرد
|
نەفسی ئەممارەم بە چاکە بۆ خوا قەت پەت نەکرد
|
بەڵکو ڕێم بۆ سەر خەیاڵ و مەیلی ئوخڕا قەت نەبرد
|
«سەد ئەسەف عومرم تەواو بوو ڕووم لە تەقوا قەت نەکرد
|
بێ زەخیرە و مایە پووچ و دڵڕەش و وێرانە خۆم»
|
بێ پەنا و بێ بەرگ و کیسوەت بێ نەواوو پڕ قەلەق
|
غەرقی ناو دەریایی شەقوەت بێ سەفا وەک پڕ مەرەق
|
حامیلی ئەوزار و قەسوەت بۆ جەزای بەد موستەحەق
|
«بێ دڵ و ئیدراک و سەفوەت بێ وەفا دەرحەق بە حەق
|
گێژ و بێ فیکر و دەماغ و بێ مەی و مەیخانە خۆم»
|
نەفس و شەیتان هاتن و منیان بە قایم ڕاوەشاند
|
هەر بە یەکجاری خەیاڵی چاکەیان لێم داتەکاند
|
دوای ئەمە بەرگی ئیتاعەتیان لەبەرما دادڕاند
|
«سەرفی عومرم کرد لە دونیا تۆوی چاکەم هیچ نەچاند
|
بێ بەشی خەرمانی تاعەت، ڕەنجەڕۆ و بێ دانە خۆم»
|
ماسی سەر سەودایە دڵ تێنی لە ناو دەریایی ڕوون
|
عاشقی شەیدایە دڵ بۆ خەندەیی لەیلایی بوون
|
چاوەشی دونیایە دڵ وەک موتریبی دارایی هوون
|
«شەمعی بەزم ئارایە دڵ بۆ جیفەیی دونیایی دوون
|
دین و دڵ سوتاوی دونیا عەینی وەک پەروانە خۆم»
|
غەرقی دەریای بێ بنی غەم پڕ لە ئاخ و پڕ میحەن
|
دائیما چاو شۆڕ و ڕوو زەردم لە قاپی (زو المِنَن)
|
باعیسی بەدکارییە دووربووم لە ئەحباب و وەتەن
|
«ئەی مسوڵمانان دەخیلە ئێوە وەک من قەت مەکەن
|
ڕووت و سەرگەردان و مەهجوور وا لە ڕێی جانانە خۆم»
|
تاکو ئەتوانن بە جارێ نێر و مێ و وردو درشت
|
تۆبەیی خالس کەن و وەسیەت بە چاکە پشت بە پشت
|
ناهیی یەکتربن لە گفتوگۆی بەدو ئەفعالی زوشت
|
«ڕوو لە مەولا کەن بەڕاستی نەک وەکو من بەدڕەوشت
|
ئەی وەکوو تەیرێکی سەر باڵ بێ نەواو هێلانە خۆم»
|
گەر دەرم کەی تۆ لە قاپیی ڕەحمەتت مەولای مەتین
|
کێ هەیە بۆ من ببێتە مەلجەئو مەئوای حەسین
|
غەیری تۆ کێیە غەفووڕ و بیڕڕ و (خَيْرُ الرَّاحِمِين)
|
«ڕوو لە کێ کەم ڕوو لە کێ کەم (يَا إِلَهَ الْعَالَمِين)
|
وا لە بەر دەرگاهی عەفوت ڕوو ڕەشی بێ یانە خۆم»
|
جاهیلە هەر کەس کە غافڵ بێ لە شوکری نیعمەتت
|
غافڵە هەر کەس کە خاڵی بێ لە ترسی نیقمەتت
|
چونکە عاجز جاهیل و پڕ غەفڵەتە بێ خیدمەتت
|
«دەنگی دەققولبابە یاڕەب وا لە قاپی ڕەحمەتت
|
بانگ دەکا (عاسی)م و هاتووم بێ وەفاو پەیمانە خۆم»
|