دیوانی ئەحمەد موختار جاف/مەسنەوی

310420دیوانی ئەحمەد موختار جاف — مەسنەوی1935ئەحمەد موختار جاف
چییە ئەی گوڵ کە ڕەنگت ئێستە سوورە چ وەقتی شادی و عەیش و سروورە
پەڕت بۆ ئاڵ و ڕەنگینن بەهاران دوڕئەفشانن لە قەترەی ئاوی باران
مەگەر حیسست نییە تاکوو بزانی لە خاکی کێ ڕواوی بۆیە جوانی
ئەتۆ نازانی بۆ چی ئاڵ و سووری لە بەزما مایەیی کەیف و سرووری
ئەگەر ببوایە لای تۆ عەقڵ و فامی دەماغ و مێشک و حیسسی تەمامی
لە جێی سووری بە ڕووزەردی ئەهاتی گەڵاڕێزت ئەکرد ئێستا کە ماتی
سەرت وەقتێ کە دەرهێنابوو ئەبوا بە ڕەشپۆشی بهاتیتایە دنیا
ئەترسم چونکە تۆ بێ حیسسە گۆشت وەکوو ئینسان نییە ئەفکار و هۆشت
نەبی حاڵی لە مەعرووزاتی بەندە هەتا شەرمەندە بی تۆ سەرفگەندە
ئەما هەر وەختێ هەنگێ یاخو مێشێ ئەبینم من بەسەر تۆوە ئەنیشێ
هەڵئەبزڕکێ بەجارێ ڕەنگی ئاڵت پەشێوی دێ بەسەرتا وەزع و حاڵت
کە وا بوو دیارە ئەی گوڵ تۆ ئەفامی ئەزانی و ساحیبی عەقڵی تەمامی
ئەگەر بێت و بکەم عەرزت ئەزانی کە تۆ بۆچ وا تەڕ و تازە و جوانی
کە وا بوو ئێستە ئەی گوڵ تۆ بزانە سەوزبوونت لە خاکی دولبەرانە
لەسەر خاکێ بنی ڕیشەت ڕوواوە بە جەرگی عاشقانا داخی ناوە
وە یا سەوزی لەسەر خاکی حەزینێ کە کوژراوە بە تیری نازەنینێ
لەسەر قەبری شەهیدێکا ڕوواوی بە خوێنی جەرگی ئەو تۆ ئاو دراوی
کە دایناوە حەیاتی خۆی بە مەردی لەپێناوی وڵاتی قەومی کوردی
لە لق بۆیە کە تۆ سەر دەر ئەهێنی بە چڵ سەوزی بە ڕەنگت میسلی خوێنی
بەڵام مادام کە مەحویی ئەو کەسانە کە ئەمڕۆ مایەیی جیلوەی گوڵانە
لەبۆ تۆ بۆتە مایەی عەیش و خۆشی بە سەربەرزی کە بەرگی سوور ئەپۆشی
ئەگەر ببوایە تۆ عەقڵت لە سەردا ئەبوو بیکەی جلی ماتەم بە بەردا
وە یا خود تۆ بە یادی ڕۆحی یاران ئەبوو بولبول بلاوێنی بەهاران
کە ئەو تەیرە ئەوەند مەجبووری تۆیە شەو و ڕۆژ بۆ ویسالت ڕەنجەڕۆیە
کەچی ناپرسی تۆ ئەسڵەن لە حاڵی دەمێ ناکەی بە دڵ مەیلی ویساڵی
بەڵێ عاشق کە ناڵەی وا حەزینە هەموو سەرمایەیی ئاهـ و ئەنینە
لەلای مەعشووقە وەک دەنگی ڕوبابە ئەگەر چی عاشقی جەرگی کەبابە
وەلێ مەعلوومە جەور و زوڵمی دڵدار ئەبێ حەددێکی بێ بۆ عاشقی زار
خسووسەن تۆ کە خوڵقاوی لە خاکی گەلێکی سێ کەسی سەربەرز و چاکی
ئەشوبهێی تۆ بە یەک لەو سیانە ئەی گوڵ کە کونکون بوو بە غەمزەی سینە و دڵ
وەکوو ئەو دوانەکەی تریانە بولبول دڵی مەشکێنە توخوا حەیفە ئەی گوڵ
لە دەرحەق بولبولی بێچارە و زار ئەوەند مەغروور مەبە نیشان مەدە خار
لەو دەما ئێمە کە خوێنمان ئەڕشت ڕۆژیش بەهای هێنابووە وجوود
لەو جێگا شەڕەی یەکترمان ئەکوشت گوڵان سەوز ئەبوون ئەیانکرد سجوود
***
هەر چەند لاشەکان وەک پەینی بەسام کەوتبوون لە ژێر لقی گوڵاندا
کەچی گوڵانی بێ هۆش و نەفام تەڕ و تازە بوون لەسەر چڵاندا
***
زەوی ئەوەندە خوێنی خواردبێ بۆ چی وەنەوشە ڕەنگی هەر شین بێ
خوێناوی لاوان دەشتی پۆشیبێ هێشتاکوو بەیبوون سپی جەبین بێ
***
بە خوێنی ئینسان گوڵ ئاو درابێ ئەبوا ڕەنگ و بۆی ئەوان بسێنێ
ئێستا کە پۆل پۆل خەیمەیان داوە بۆچ بێ پەڵەی خوێن سەر دەرئەهێنێ
***
دێراوی گوڵان چۆن ڕووزەرد نابن خوێنەخوێکانیان بەسەردا ئەڕوا
بۆ چی ئاو تووشی داخ و دەرد نابن بۆ وڵاتیان عەیبە سەر تا پا
***
ئەبینن غەیرە ئەچنێ گوڵغونچە کەچی هیچ کامیان گرژ ناکەن ڕوویان
غالبیەتی بێ و بکات لەنجە بۆ پێنەکەنین ناکەونە خەزان
***
یەکێکیان جارێ ناڵێ بە هەنگێ یا بەو «پەپولەی» هەڵیانئەسێنێ
ئێستا نەمماوە من بۆن و ڕەنگێ ئیمڕۆ دڵتەنگم بیخە سبحەینێ
***
لەم دەشتەوشوومەی پڕ خەوف و خەتەر کە لاشەی قەومی ئێمەی تێدایە
بۆ شەرمی حزوور شەعشەعەی زەفەر کەم ناکەنەوە تاقە گەڵایە
***
ماتەمی ئێمە ڕەنگ و بۆی پێدان کەچی قەت ناکەن ئیزهاری کەدەر
چونکی بێ حیسسن ئەسنافی گوڵان لە حاڵی کۆندان دایم تازە و تەڕ
***
لە داخا گەڵای خۆ بپێچنەوە نەفامن چونکی هێشتا نازانن
بۆ ناو کەوای سەوز خۆ بکێشنەوە ئەی گوڵان ئێوە بێوەی لاوانن
***
موقابیلی ئەم دەرد و بەڵایە ئازاد ئەپشکوون گوڵانی وەتەن
چەند بێ ویجدانن ئێوە ئەبوایە بۆ مردووەکانمان هەر بکەن شیوەن

لە ژمارە ٢٤٧ی ڕۆژنامەی ژیاندا بڵاوکراوەتەوە.
1930/06/26