دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ە

دڵبەرێکم هەیە سیمینبەر و خۆش ڕەفتارە چاوی وەک نێرگسی شەهلا هەموو دەم بیمارە
ئەبرویی قیبلەیە، خاڵی حەجەرولئەسوەدە ئەو پەرچەمی میسلی سەلیب، زوڵفی ئەڵێی زوننارە
ڕووی گوڵەباخە نیگارم بە خوا حەیفە کە ئەو هاوڕەفیقی شەو و ڕۆژی دڕک و هەم خارە
ساحیبی عیشوەیە غارەتگەری ئیمانی مەیە دڵڕەق و زاڵمە بێ میهر و وەفا و عەییارە
ڕوویەتی ئاهویی چین و نیگەهی ئافەتی دین دەمی وەک فندق و لێوی هەر ئەڵێی گوڵنارە
بۆ فریبی دڵی ئەحمەد هەموو دەم ئەو شۆخە حازرە یاڕەبی، ئەو دڵبەرە چەن مەککارە
دوو دیدەیی مەخموورت غارەتگەری ئیمانە بۆ زوڵفی پەرێشانت حاڵم چ پەرێشانە
بۆ عاشقی بێچارەت وەک ڕۆژی حەشر وایە گەر بێت و دەمێ دەرخەی ئەو سوبحی گریبانە
وەک خاکی ڕەهت جانا کەوتووم لە سەری ڕێگەت شایەد کە بە سەرما بێت ئەو گەردشی دامانە
ئەم سەرمە لە مەیدانە گۆی بازییە ئەی دولبەر چونکە کە سەری زوڵفت وەک حەڵقەیی چەوگانە
هەر چەندە وجوودی من سووتاوی غەمی تۆیە ماچی لەبی ڕەنگینت بۆ من وەکوو دەرمانە
دایم لە غەمی باڵات دوو دیدەیی خوونبارم نمناکە فیدای تۆ بم هەر پیشەیی گریانە
تۆ پادشەهی حوسنی ئەی ئافەتی جان و دڵ عاشق وەکوو مەملووکت ئامادەیی فەرمانە
فەرمووی بە من ئەی ئەحمەد حازر بە لەبۆ کوشتن ئازاد بە لە دەرد و غەم وا مەوسیمی قوربانە
دڵی وەک هوزاری حەزینی من شەو و ڕۆژ بە ئاهـ و ناڵەیە بە ئومێدی چاوی مەستی تۆ، بەتەمای مەی و پیاڵەیە
لە غەم و فیراقی قامەتت، لە دوو چاوی پڕ لە خوێنی من کە بەخوڕ هجووم ئەکا سروشک وەکوو ئاوی کانی نەواڵەیە
بە نیگاهـ و غەمزەیی دولبەرم کە ئەڵێی غەزاڵی خەواڵووە سەبەب چییە بە ڕۆژ و شەو کە ڕەفیقی ئەو گەماڵەیە
مەهی ئەوجی ناز و نیعمەتە شەهی موڵکی عیزز و شەوکەتە خەتی دەستی کاتبی قودرەتە، خەتی عاریزی قەباڵەیە
وەرە سەیری باخی ڕوومەتی، وەرە سەیری گوڵشەنی قودرەتی قەد و قامەتی وەکوو نەیشەکەر، بە نازگی گوڵە ژالەیە
دڵی ئەحمەد و من بێ نیشان، سەر و ماڵی عالەمی ئینس و جان بە فیدایی ئەو خەت و خاڵەیە، بە فیدایی ئەو خەت و خاڵەیە
سەر و ماڵم فیدای ئەو چاوە کاڵە دڵم پڕ خوێنە بۆ ئەو لێوە ئاڵە
کە ئەو شۆخە لە حەق من میهرەبانە ڕەقیب حیلە و دەسیسەی تۆ بەتاڵە
لە ئولکەی دڵبەریدا یارم ئەمڕۆ شوکور شاهەنشەهی حوسن و جەماڵە
بە شمشێری برۆت ئەی یاری بەدخوو دەخیلە بمکوژە خوێنم حەڵاڵە
لەلام بێ قەدرە نەسرین و وەنەوشە ئەگەر دەستم کەون ئەو زوڵف و خاڵە
بە دنیا دڵ مەبەستن ئەی ڕەفیقان گەلێ دامادی دی ئەم پیرەزاڵە
وەفا و خووبان و سەبر و عاشقی زار نەبینراوە ئەمە ئەمری مەحاڵە
فیدات بم چۆن بنووسم شەرحی حوسنت لە تەعریفی، زوبانی خامە لاڵە
لە دنیا هاتن و دەرچوون لە لای من بەڕاستی ئەحمەدا هەر وەک خەیاڵە
ئەمشەو لە غەمی تۆ دڵەکەم زار و زەبوونە مەجڕووحە دڵم دیدە کە ئاڵوودە بە خوونە
ئەلفی قەدەکەم ئێستە لەبەر حەسرەتی باڵات وا خەم بووە گیانا کە ئەڵێی حەڵقەیی نوونە
ئەو تاو و شەرارەی کە ئەڵێن وا لە سەقەردا عوشرێکە لە میعشاری گڕ و سۆزی دەروونە
هەڵسە وەرە لای عاشقی سەرگەشتەیی وێڵت سەیری کە، کە چەن شێت و چ سەرخۆش و جنوونە
بنواڕە چ غەڕڕایە «کەماڵی» هەموو شیعرم عەیبی منی بێچارە بە خوا پارە نەبوونە
چارشێوی هەڵبڕی لە سەری خۆی بە شەرمەوە یار پێکەنی بە ڕوومەوە دوێنێ بە نەرمەوە
فەرمووی بە من کە ئێستە لەبەر غەم زەعیفی تۆ حەقتە ببی بە حەڵقە بە دەوری کەمەرمەوە
ڕووناکی چاوی من بە مولاقاتی تۆ ئەبێ ڕۆحم فیدایی تۆیە بە نووری بەسەرمەوە
گفتا پدر تو پیر شدی ترک عشق کن پێم وت دڵم جوانە لە عیشقی پسەرمەوە
هەر وەختێ دێتە بەر نەزەرم ڕۆژی وەسڵی تۆ ڕەقس و سەما ئەکەم بە دڵی پڕ کەدەرمەوە
لەم ڕۆژەدا نەماوە ڕەواجی هونەر خوا مەحوم بکا بە خۆم و بە عیلم و هونەرمەوە
ئاوارە بووم و کەوتمە چۆڵی و لە یار جودام چیبکەم بە دەستی عەقڵی دڵی دەربەدەرمەوە
شمشێری ئەبرووانی ئەگەر دەرنەخا نیگار ڕۆحم فیدای ئەکەم بە زرێم و سوپەرمەوە
بولبول سیفەت خەریکی فوغانم بە ڕۆژ و شەو هەر ناڵەمە لە عیشقی گوڵی سیمبەرمەوە
وێران و چۆڵە موڵکی دڵی ئەحمەدی هەژار ئەمڕۆ لەبەر غەمی بوتی بێدادگەرمەوە
قووتی دڵم بە ماچی دەم و لێوی ئاڵتە ژینم بە مەدحی غەمزەیی دوو چاوی کاڵتە
سبحەینێ زوو لە مەشریقەوە ڕۆژ کە دێتە دەر ڕەنگە بڵێم کە شوبهی شوعاعی جەماڵتە
فەرمووی بەسە دە بیبڕەوە بەسیە ناکۆکی بۆ وەسڵی من بە سۆزی دەروون ناڵەناڵتە
هەرکەس کە عاشقی من ئەبێ چاری مردنە ئەی شێتە تۆ خەیاڵی شتێکی مەحاڵتە
نایدەم بە تاجی خوسرەوی ئەو دەرک و قاپییە جارجار کە گوێم لە جوێن و قسەی توند و تاڵتە
یار تینووە بە خوێن و لە تەگبیری قەتڵییە ئەحمەد ئەوەندە شێتە خەیاڵی ویساڵتە
سەیری ئەم بەختی ڕەش و نەحسە چ ناهەموارە یاری چەن ساڵەمە ئێستاکە لە من بێزارە
خۆم فیدای نێرگسی شەهلا ئەکەم ئێستا شەو و ڕۆژ چونکە وەک دیدەیی ئەو یاری منە بیمارە
هەر گورێزانە لە من دەستی ڕەقیبێ ئەگرێ ئەی خوا دڵبەری من بۆ چی ئەوەند غەددارە
بەم سەری پیرییەوە جێگەیی من مەیکەدەیە سەیری ئەم عاشقە چەند سەرسەری و بێ عارە
حەقیەتی عاشقی بێچارە لە دین وەرچەرخێ چونکە ئەو پەرچەمە پڕپێچە ئەڵێی زوننارە
زوڵم و جەوری وەکوو زوححاکە خەریکی قەتڵە حەڵقەیی زوڵفی لە پێش چاوم ئەڵێی ڕەشمارە
شێری نەڕ ئێستە ئەسیری دەسی ڕێوی حیزە ئیشی ئەم چەرخە تەماشاکە چ کەچ ڕەفتارە
ملی کەر پڕ لە زەڕ و زێوەرە ئەسپی نەژدی لەڕ و لاواز و لەجەر کەوتووە وا زامارە
بە سەری تۆ قەسەم ئەی یاری دڵازاری من قیسمەتی من هەموو هەر دەردی دڵ و ئازارە
بتکوژێ بتبڕێ ئەو شۆخە دەخیلم عاشق زویر مەبە هەر چی بکا ساحیبە خۆی موختارە
مەنعی ئەحمەد مەکە زاهید کە هەمیشە مەستە عەفوی ئەو ڕۆژی جەزا سەهلە خوا غەففارە
خاڵی ڕووت داخی دڵی زامار و بیماری منە ڕوومەتت گوڵ، قامەتی تۆ سەروی جۆباری منە
ئەی تەبیب بۆ چی موداوای زامی جەرگی من ئەکەی باعیسی ژین و حەیات و سیححەتم یاری منە
پێی وتم عاشق لە گەنجی حوسنی من بەهرەت نییە پاسەوانی ئەم تەلیسمە زوڵفی ڕەشماری منە
من وتم دولبەر لەبەر چی لالە دڵ خوێنینە وا پێی وتم عاشق بە لێوی ئاڵی گوڵناری منە
ئەی ڕەفیقان، گەر ئەپرسن ئەم برینانە چییە تیرەبارانی نیگاهی شۆخی غەدداری منە
لابە توخوا عوود و عەنبەر، باعیسی دەردیسەرە بۆنی زوڵفی ئەو نیگارەم موشکی تاتاری منە
مردن و سووتان و قوڕپێوان وەزیفەی ئەحمەدە تەرکی سەرکردن لە عیشقا چاوەکەم کاری منە
تۆ کە یارم بی ئیتر غیلمان و حوورم بۆ چییە ڕوو ئەگەر دەرخەی تەجەللای کێوی توورم بۆ چییە
ناڵەیی سینەم وەکوو نەی، سەر وەکوو سەمتوورە بۆت من بە غەم شادم ئیتر کەیف و سروورم بۆ چییە
گەر خوا بیکا موتاڵای موسحەفی ڕووی تۆ بکەم دڵبەرا ئینجیل و تەورات و زەبوورم بۆ چییە
گەردنی سافت لە پێش چاوم ئەگەر بێ جیلوە کا کافییە بۆ من ئیتر مینا و بلوورم بۆ چییە
بێ وجوودی تۆ لەلام وەک دۆزەخە باخی جینان گەر نەبێ تەشریفی تۆ من شارەزوورم بۆ چییە
چی ئەبێ جارێ بڵێی تۆ بەو ڕەقیبەت دولبەرا لاچۆ سەگباب بەسیەتی کەلبی عەقوورم بۆ چییە
سەیری کەن یارم کە من لەم شارە ڕۆییم پێم ئەڵێت تۆ بەسەر چوویت تێپەڕیت من یاری دوورم بۆ چییە
قامەتت بۆ من وەکوو ڕۆژی قیامە چاوەکەم ئەحمەد ئیتر حەشر و نەشر نەفخی سوورم بۆ چییە
خەڵقە وا فەسڵی بەهارە و من گەڵاڕێزانمە پیرم و تازە تەمەننای وەسڵی گوڵڕوویانمە
وا مەزانە ڕۆحەکەم تەنهام لە کونجی عوزلەتا عەکسی ڕووی تۆ مەجلیسئارا و زینەتی ئەیوانمە
بەسیەتی زاهید حیکایەی جەننەت و ڕۆژی جەزا بەرگی خوێنینم نیشانە و حوججەتی غوفڕانمە
تەرکی کەم چاکە بەهەشتی بەزمی جانانە ئیتر چونکە وەک ئادەم ڕەقیبی سەگسیفەت شەیتانمە
ئەی نیگاری بێ وەفا ئەی شۆخی هەورامی نەسەب دوور لە تۆ کەی مەیلی گەشتی گوڵشەنی تارانمە
قامەتم گەر وا خەمە و حاڵم پەرێشانە ڕەفیق تێبگە تەمسیلی ئەبرۆ و پەرچەمی جانانمە
گەر بڵێی دەستم کەوێ من خاکی بەر دەرگانەکەت کەی هەوای تەخت و سەریری قەیسەر و خاقانمە
هەرکە دیم شەونم لەسەر ڕوخساری گوڵ دوێنێ لە باغ یادی ڕووی تۆم کرد و بۆیە ئارەزووی گریانمە
دڵبەرم دیسان لەگەڵ من عاجزی و قینی هەیە بۆیە دیدەی ئەشکبارم ئارەزووی شینی هەیە
ئەو گوڵاڵەی وا لە کێوی بێ سنوورتا سەوز ئەبێ چەن لەتیف و ئاڵە ڕەنگی لێوی شیرینی هەیە
ڕوومەت و خاڵت لە پێش چاوم نیگاری نازەنین هەر لە عەینی ڕەنگی ماهـ و شکڵی پەروینی هەیە
من کە دیم تاقی دوو ئەبرۆی قیبلەگاهم کەچ بووە تازە بۆ من زاهیدیش ئوممێدی ئایینی هەیە
ڕوومەتی تۆ باغە ئەمما بۆ دڵی بولبول سیفەت مەنعە بۆی چونکە لە زوڵفت دەوری پەرژینی هەیە
سەیری چەن شێتە تەبیب ئێستا موداوای من ئەکا من کە کوشتەی دەستی تۆم ئەو ئارەزووی ژینی هەیە
دێتە گوێم دەنگێ بە سۆز و شیوەن و گریانەوە ناڵەیی دڵمە لە حەسرەت خاکی کوردستانەوە
لانەواز و بێکەس و مەزڵوومن ئێستە قەومی کورد گا بەدەستی تورکەکان و گا بەدەس ئێرانەوە
ئیسمی ویجدان و عەداڵەت بێ موسەممایە و درۆ بۆ سیاسەت ئەم قسە کەوتۆتە سەر لێوانەوە
ڕاستە گەر ئیسمی عەداڵەت بۆ چی منداڵانی کورد وێڵ و سەرگەردان بسووڕێنۆ بەسەر کێوانەوە
هێندە حیزە بەختی کورد بۆ کوشتن و تاڵانیان کۆمەڵێ هاتوون بە سواریی وشتری پێپانەوە
حاڵی کورد ئێستا لە بەینی تورک و ئێران و عەرەب بێچووە تەیرێکە کە کەوتە داوی منداڵانەوە
ئەم قەراری عوسبە وا خەڵقی ئەڵێن بۆ کورد ئەبێ هەر قسەی ڕووتە و قسە ناچێتە ناو گیرفانەوە
ئەمڕۆ با وا بێ بەڵام ڕۆژێ ئەبێ ئەولادی کورد دێنەوە مەیدان بە عیلم و سەنعەت و عیرفانەوە
نەوجوانانی وەتەن تەوحید ئەکەن ئەم میللەتە هەر لە کرماشان هەتا ورمێ و سنە و بۆکانەوە
ڕێک ئەخەن وەزعییەتی وان و جزیرە و باشقەڵا عەقرە و زاخۆ دەبەستن ڕێک بەقەد بۆتانەوە
خانەقین و مەندەلی خاکی لوڕستان یەک بە یەک وەک وەسا ئەدروون بە باڵای مەنتیقەی بابانەوە
لەشکرێکی مونتەزەم بۆ سەندنی حەق ڕێک ئەخەن جوان و ڕازاوە بە تۆپی لاکەلی ئەڵمانەوە
بەچکە شێرانی عەشایر بۆ قڕانی دوشمنان هەر وەکوو ڕۆستەم ئەکەونە هاتوچۆ و جەولانەوە
پاش قڕانی موددەعی دەس پێ ئەکەن تەعمیری موڵک ڕێگەیی ئاسن ئەچێتە شاخی هەورامانەوە
کێو و کەژ گشتی ئەبێتە باغ و جادە و قەیسەری بۆ تەماشای دەستەدەستە دێن لە ئینگلسانەوە
لادە ئەحمەد تۆ لە باسی میللەت و سا پێی بڵێ تاکوو ساقی زوو بدا بادە بەدەم مەستانەوە
پێی بڵێ بەو ساقییە بەو حوسن و ناز و دڵبەری داغی خۆی ناوە بە جەرگی یۆسفی کەنعانەوە
بێتە جیلوە تا بە یادی پاشەڕۆژی قەومی کورد زەمزەمە و شادی بخاتە مەجلیسی ڕەندانەوە
ئەم دڵی زامارمە تاوێ لە غەم فاریغ ببێ بسرەوێ یەکدەم لە ناڵە و شین و قوڕ پێوانەوە
شەمسی خاوەر، بەدری پڕ، یا ڕوومەتی گوڵنارتە لەعلە یا یاقووتی تەڕ یا لێوی گەوهەربارتە
نوور و زوڵمەت پێکەوەن توخوا نیگارا پێم بڵێ یا مەگەر کوڵمی لەتیف و زوڵفی عەنبەروارتە
دەنگی عوود و تارە یا ناڵەی نەیی دڵ کون کونە یا وەکوو ناڵە و فوغانی عاشقی غەمبارتە
ئاگرت بەردایە جەرگی عالەمی ئیسلام چییە تۆ مەگەر هیندووی کە وا ئاتەشپەرستی کارتە
چاوی مەخموورت کە هەڵئەبڕی بە سەد ئەفسوون و ناز عالەمێ جانا پەشێوی نێرگسی بیمارتە
وەختی لوتف و ڕەحمە ئێستا دەرحەقی عوششاقی خۆت فرسەتە سا دەی زەمانی گەرمییی بازاڕتە
پێی وتم بۆ چاوی تۆ عەینی جەواهیرسورمەیە تۆزی ئەم ڕێگەی منە چونکە گوزەرگەی یارتە
حەقتە تۆ جانا کە داوای مەسلەکی زوححاک ئەکەی شاهیدی ئەم ئیددیعاتە زوڵفی وەک ڕەشمارتە
گاهێ گەر ئیسلام و گاهێ کافرم مەنعم مەکە گشت خەتای میحرابی ئەبرۆی پەرچەمی زوننارتە
موشکیلە دەستت کەوێ ڕۆژێ نیگاری بێ ڕەقیب شێتی تۆ ئەحمەد تەماعی غونچەیی بێ خارتە
نێرگسی شەهلا غوڵامی دیدەیی مەخموورتە گوڵ وەکوو بولبول هەمیشە عاشق و مەجبوورتە
نۆشی دارووی لێوی تۆیە ئەی تەبیبی حاڵزان باعیسی ژین و حەیاتی عاشقی ڕەنجوورتە
ڕۆژ کە وا ڕوو زەردە سەرگەردانە هەر دێت و دەچێ شێت و سەرگەشتەی فیراقی ڕوومەتی پڕ نوورتە
بۆ خەرابی و غارەتی مەعموورەیی دڵ چاوەکەم تیپی موژگانت بەدایم لەشکری مەنسوورتە
پێی وتم هۆشت ببێ ئەو ڕێگە وا من پیا ئەڕۆم تۆزی ئەو دەرمانی چاوی پڕ لە خوێنی سوورتە
گەر حەقیقەتبینی عاشق لابە نەعلەینی حەیات جێی تەجەللای حوسنی ئەو دڵدارە کێوی توورتە
تۆ کە شیرینی زەمانی من کە فەرهادی غەریب حەیفە بۆ تۆ خوسرەوی خووبان ڕەقیب شاپوورتە
بۆ چی عاشق شێتی تۆ وا مەیلی فیردەوست هەیە بەزمی ئەمشەو جەننەتولئەعلایە دڵبەر حوورتە
گەر نیگاهێکت لەگەڵ مندا ببێ عەیبی چییە تۆ سولەیمانی زەمانی عاشقیشت موورتە
مەنعی تۆ ناکەم کە بێباکانە خوێنڕێژی ئەکەی موقتەزای ئەحواڵ و تەبعی سەرکەش و مەغروورتە
ئەم قەسیدە وەختێ هاتە خزمەتت بیخوێنەوە عەرز و حاڵی بەندەیێکی بێنەوای مەهجوورتە
ئەی دڵە بەسیە هەتا کەی تۆ خەریکی هاتوچۆی موشکیلە وەسڵی تەمەننای مەتڵەبێکی دوورتە
بەسیەتی تاکەی لە حەق ئەم بەندە بێ لوتفی ئەکەی ئەحمەدی بێچارە تەنها عاشقی مەغدوورتە
ئەم دڵەم وا دیارە مەیلی ڕووی گوڵی یاری هەیە بولبولئاسا بۆیە دایم ناڵە و زاری هەیە
گەر لەدەس جەوری ڕەقیبان من بناڵم حەق نییە چونکە مەعلوومە کە گوڵ بوو، دائیمەن خاری هەیە
وا لە عیشقی پەڕتەوی سەر کوڵمی ئاڵت چاوەکەم سینەکەم شوعلە و بڵێسەی کوورەیی ناری هەیە
فەرموو بێرە حوجرەیی دڵ خەڵوەتە بۆ بەزمی تۆ غەیری تۆ قوربان نە نامەحرەم نە ئەغیاری هەیە
ئەشکی چاوم وا لە حەسرەت لەعلی لێوت دەمبەدەم جارییە و سوور و سوێرە، ڕەنگی گوڵناری هەیە
دڵ لە خەوفی زوڵفی تۆ بۆ گەنجی ڕووت ڕێگەی نییە چونکە دەوری ئەو تەلیسمە جووتێ ڕەشماری هەیە
ئەحمەدی بێچارە بۆ وەسڵت ئەناڵێ ڕۆژ و شەو ڕەنگی زەرد و ئاهی سەرد و قەلبی بیماری هەیە
ئەو زیایە وا لە دوور دیارە مەقامی دڵبەرە یا وەکوو شەوقی جەماڵی ئەو مەهی سیمینبەرە
بۆ جگەر لەتکردنی عوششاقی موژگانی سیای ناوکی تیرە وە یاخۆ نووکی تیژی نەشتەرە
ئەبرووە یا قەوسە یا باڵی هومایە پێم بڵێ سەیفی خونڕێزە هیلالە دڵبەرا یا خەنجەرە
دوودی ئاهی سینەکەم ئەمشەو لە هیجرت چاوەکەم وا سەری گرتووم گەلێ زیاتر لە دوودی مەجمەرە
فەرموو تەشریف بێنە کولبەی عاشقت ئەمشەو بە ناز حازرە بۆ بەردەبازی ڕێگەیی تۆ ئەم سەرە
قەت بە بۆنی زوڵفی تۆ نابێ گوڵاڵە و یاسەمەن عەتری توڕڕەی تۆ نە وەک عوودە نە میسلی عەنبەرە
لالەزارە دامەنم، جانا بە خوێنی ئاڵی ئەشک وەختی سەیران و تەماشایە دەخیلت بم وەرە
خۆی لەسەر ڕوخساری جانانە لە بەرچاوم ئەڵێی هەر لەسەر بەرگی گوڵە شەبنم، لەسەر ماهـ ئەختەرە
سەیفە یا قەوسە وە یا باڵی هومایە پێم بڵێ یا هیلالی یەکشەوە یا تاقی ئەبرۆی دولبەرە
ڕوومەتت بەدرە ملت مینایی سافە بێ غەشە دەم قوتووی دانەی دوڕی دەریایە لێوت شەککەرە
چای زەنەخدانت بڵێم وەک زەمزەمە زەممی ئەکەم ئەبرووت زیاتر لە تیغی دەستی تووسی نەوزەرە
وا بە عومری جوانەوە پیر بووم قەدم خەم بوو لە غەم دڵبەرا دووربینی چاوم ئێستە ئەم سەر ئەو سەرە
نائومێد و بەش بڕاو ئەحمەد لە دنیادا ئەتۆی نەخلی ئوممێدی مورادی تۆیە دایم بێ بەرە

بەبۆنەی ژنهێنانی خوشکەزای شاعیر، حەسەن فەهمی بەگ کوڕی عەلی بەگی مەحموود پاشای جافەوە

ئەی حەسەن ئەم کاغەزەم تەبریکی عەیش و شادییە پڕ لە مەعنایە ئەگەر چی بۆ موبارەکبادییە
کەیفە، بەزمە، دەنگی سازە، ناڵەیی عوود و نەیە جەژنە ئەمڕۆ، ماچ و مووچە، مەوسیمی ئازادییە
هەر کەسێ لەم ڕۆژەدا بێ دەنگ و عاجز دانیشێ ئەحمەق و شێتە بە جیددی ئیشی ئەو گەووادییە
نووکی تیرت بۆ چی کول بوو، تیغی تیژت بۆ شکا چی لە تۆ ڕوویدا بڵێ پێم بۆچ سوپەر فوولادییە
ڕەنگ سپی بوون لەرزە لەرزی دەست و ئەژنۆ پێم بڵێ قاعیدەی تۆیە وە یا خوود شێوەیی دامادییە
سا «حەسەن» ئەمشەو وەکوو پیاو دەس بە شیر و تیغی تیژ ئیستیلا کە زووبەزوو ئەو قەلعەیی شەدادییە
دوڕسمین و مووشکافی تۆ ئەگەر نازانی خۆت ئەحمەدی خاڵۆت هەمیشە پیشەیی ئوستادییە
شیفای دەردی دڵە ماچی دەمی وەک شانە هەنگوینە بە عیشوە پێکەنینی ئەو نیگارە باعیسی ژینە
کە دیویە ئەو غەزالە ئێستە بەرگی شینی پۆشیوە ئەمە چەن وەختە بۆیە ئاسمانیش بەرگی وا شینە
لە دڵما نەقشی ناوی تۆ لە دیدەم بەژن و باڵاکەت کە دیم ئەو ڕەسم و تەسویرە چ ئیحتیاجم بە بینینە
خوا سەد شوکری تۆ دایم کە ئەو دڵدارە بێ ڕەحمە بە خوێنی ئاڵی جەرگم دەست و پێی ئێستاکە نەخشینە
سەری زوڵفی وەکوو سونبول دوو دیدەی نێرگسی شەهلا دوو کوڵمی بەرگی گوڵ ئەلحەق نیگارێکی بە تەمکینە
نموونەی عیشقی من بوو ئێستە وا مەشهووری دنیایە ئەڵێن فەرهادی کۆکەن کوشتەیی موژگانی شیرینە
بنازم سونبولی زوڵفت کە ئاڵاوە بە باڵاتا لە سەر تا پێ هەموو هەر حەڵقەحەڵقە و چەمبەر و چینە
خەیاڵی وایە مەشقی ناڵە و گریانی عاشق کا کە هەوری نەوبەهاران بۆیە وا مایل بە بارینە
هەمیشە لوتفی یار دەرحەق ڕەقیبانە و بەڵام بۆ من قسەی خۆشی جنێو و حیددەت و بێ لوتفی و قینە
لە دووریی ڕووی گوڵی تۆ بولبولی دڵ ئێستە ئەیبینی لە سینەی شەرحە شەرحەمدا خەریکی شین و ناڵینە
لە ڕۆژی حەشردا جێی جەننەتە ئەحمەد کە کوژراوی دەس و تیر و کەوانی دڵبەری بێ میهر و ئایینە
نەخۆش کەوت نێرگسی بێچارە بۆ ئەو چاوە بیمارە قەدی نوشتایەوە عەرعەر کە دی باڵایی ئەو یارە
برینی سەر دڵی دیسان بە ناسۆر کەوتەوە ناڵە لە داخی لێوی ئاڵی ئەو نیگارەی بێچووە عەییارە
کە تای زوڵفی نواند سونبول خەجاڵەت بوو لەناو باخا فیراری کرد و ڕووی کردە بیابان وێڵ و بێچارە
نواندی گەردنی خۆی، گەردنی مینای شکان دیسان موسوڵمانی نەهێشت حەڵقەی سەری ئەو زوڵفە زوننارە
کە دی گۆنایی ئاڵت گوڵ لە باخا دوێنێ ئەم وەختە یەخەی خۆی دادڕی سەرتابەپێ وەک شێت و پەتیارە
ملی کەچ کرد وەنەوشە، کەوتە بەر پێت وەک قەباحەتبار کە دەرکەوت خاڵی لێوت تێگەیی شێت و خەتابارە
لەمەو پێش قافیە بەندەم، ئەمێستا بوو بە عەبدی من کە مەجبوورم بهێنم ناوی ئەو مەحبووبە نازارە
لە زوڵفت لازمە دیسان بدووم لێم مەگرە مەحبووبم کە باسێکی درێژ و دوورە گەرچی ئێستە تیکرارە
بە بۆنی عەنبەرە، وەک عەقڕەبی جەڕڕارە نێشی ئەو بە پێچ و حەڵقەیا حەقمە بڵێم بەو زوڵفە ڕەشمارە
بڵێم بۆنی گوڵاو و عەترە ئەو زوڵفە کە هێشتاکە خەتایێکی عەزیمە گەر بڵێم وەک میشکی تاتارە
وتم ماچێ کەرەم فەرموو بە ئەحمەد بەندەیی خۆتە وتی چی بکەم لە دەستی ئەم کوڕە بەگزادە بێ عارە
عەجەب سیڕڕێکە بۆچ بولبول خەریکی ناڵەیی زارە کەچی مەحڕوومە ئەو دایم ڕەفیقی غونچە هەر خارە
لە هەر وەقتێکدا نێرگس ببینم چەند لەلام خۆشە کە چونکە ئەو گوڵەیش نەختێ شەبیهی چاوی دڵدارە
هیلالی یەکشەوەم دی سوجدەبەر بووم بێ تەئەممول من موبارەک بوو لەلام چونکە ئەڵێی تاقی برۆی یارە
لە خەڵوەتخانەیی دڵما بەغەیرەز یادی تۆ جانا نییە باوەڕ بفەرموو چونکە جێی یارە نە ئەغیارە
لە سیححەت دائیمەن بێزارم و مایل بە بیماریم لە ڕۆژێکۆ کە دیومە غەمزەیی ئەو چاوە بیمارە
مەکە مەنعم لە عیشقی گوڵ ڕوخان زاهید دەخیلت بم بە دەستی من نییە چی بکەم دڵی بێچارە ناچارە
لە پەنجەی بگرە خوێنی جەرگی من هەر بۆ حەنا چاکە لەبۆ تەسکینی قەلبی زاری من لوتفێکی وا چاکە
فیدات بم تۆ کە ئێستا بوویت بە هەمڕازی ڕەقیبانت ئیتر بۆ ئێمە دایم ناڵە و شۆر و نەوا چاکە
وتم قوربانی تۆ بم لادە زوڵفی خۆت لەسەر ڕوخسار وتی بۆ پاسەوانی گەنجی وا هەر ئەژدەها چاکە
بە ئوممێدی ئەوەی جانا کە بۆنی زوڵفی تۆی لێ بێ سەر و ماڵم بکەم قوربانی ڕێی بادی سەبا چاکە
وتم من ڕۆحی خۆم قوربانی ڕووی تۆ کرد دەسا ڕەحمێ وتی نازانی تۆ پەروانە بۆ دەوری چرا چاکە
زەمانە چونکە خۆی ئەسڵەن بەقای بۆ کەس نییە تا سەر تەماشا کەن هەمیشە بۆ کەسانی بێ وەفا چاکە
لە وەزعی چەرخی دوونپەروەر مەبە تۆ عاجز ئەی ئەحمەد کە چەن ڕۆژێ لەبۆ ئەشخاسی سپڵە و بێ حەیا چاکە
لە حەسرەت لێوی لەعلت ئەشکی چاوم ئێستە گوڵ ڕەنگە بە یادی چاوی مەستت دڵ هەمیشە مایلی بەنگە
تەماشاکە کە دێمە باسی تەعریفی دەمت جانا شوکور هەرزان ئەکا شیعرم ئەگەر چی قافیە تەنگە
بە سورمە ئاوی داوە ئەو نیگارە خەنجەری ئەبرۆی شەهیدی غەمزەیی خوێنڕێژی بۆیە مات و بێ دەنگە
هەزار هاوار و داد ناگاتە گوێی، تەئسیری لێ ناکا دڵی ئەو شۆخە بێ ڕەحمە لەڕاستی من وەکوو سەنگە
لەوەی خەڵکی ئەڵێن پێم عاشق و ڕیسوای نییە پەروام نەسیبی عاشقی بێچارە دایم لۆمە و نەنگە
موسەللەح بوو بە شمشێری برۆ و پەیکانی موژگانی موحەققەق تورکی مەستی چاوی یارم مایلی جەنگە
بنازم چەندە خۆشە تەعزیەی عاشق لەسەر قەبری لەجێی شیوەن، زڕەی فنجان و دەنگی بەربوت و چەنگە
دەخیلم بێرە سەیری مەجلیسی ڕەندان دەمێ زاهید تەماشاکە سەفایە، سەیرە، بەزمە، ڕەزمە، ئاهەنگە
تەواو نابێ بە ئەحمەد ئەی کەماڵی مەدحی ڕووی دڵبەر لە عەرسەی وەسفی یارا پێی خەیاڵم ئێستەکە لەنگە
لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە
دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیبیی بێکەس و مەزڵووم بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورە وا لەبەرتانە
بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوشمنتان هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
بەخۆڕایی لە دەستی بەرمەدەن ئەم خاکە مەحبووبە کە تۆزی وەک جەواهیرسورمە و کوحلی بەسەرتانە
بەسەر خاکا ئەگەر نازیش بکەن حەقتانە کوردینە تەماشای سێبەری ئەو شاخ و کێوەی وا لەسەرتانە
بە بێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی بگرن گوڵاڵەسوورەی ئەم سەحرایە خوێناوی جگەرتانە
دەمێکە ئەم وڵاتە وا ئەسیری پەنجەیی جەهلە لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆبەی زەفەرتانە
زوبانی حاڵی ئەحمەد هەر ئەڵێ وریا بن ئەی میللەت بزانن بەردی ئەم شاخانە ئەڵماس و گوهەرتانە
ڕەفیقان ئەم دڵەم ئەمشەو عەجەب حاڵی پەرێشانە وەکوو بولبول لە عیشقی گوڵ خەریکی شین و گریانە
ئەوەند گەوهەر لە دوو چاوم ئەبارێنم لە هیجرانا نیگار داوێنی من ئەمڕۆ وەکوو دەریایی عوممانە
ئەگەر یار ڕوو دەپۆشی حەق بەدەستە چونکە مەعلوومە پەری دایم لە بەرچاوی هەموو مەخلوقێ پەنهانە
تلووعی خۆر ئەکا زاهیر کە گۆشەی نیمتەنی لادا وڵات ڕووناک ئەکا هێشتا ئەڵێی سوبحی گریبانە
لە نەشئەی بادەوە وەختێ سەری کوڵمی ئەکا عارەق بیعەینە ئەو دەڵێی بەرگی گوڵە ئەو ئاوی بارانە
ئەگەرچی دڵ بە تیری عیشقی تۆ زامار و مەجرووحە فیدات بم خەندەیی لێوت لەبۆ ئەو دەردە دەرمانە
دەخیلم لەیلەکەی ئەسڵم بکە ڕەحمێ بە حاڵاتم کە ئەم عاشقتە وەک مەجنوون جێگای کێو و بیابانە
بە ناری ڕوومەتی ئەو شۆخە جەرگ و دڵ کە سووتاوە مەکەن مەنعم کە من پەروانەم ئەو شەمعی شەبوستانە
بە فیتنەی ئەو ڕەقیبەت من لە بەزمت دەرمەکە قوربان مەبە ئیخفال بە وەسواسەی ڕەقیب هاودینی شەیتانە
وەرە با بچینە ناو گوڵزار و جانا چەند قەدەح نۆش کەین بەهارە وا لە گشت لایەک سەدای مورغی خوش ئەلحانە
لە عیشقی ڕوویی گوڵئاسات هەموو دەم ئەحمەد ئەی دڵبەر بە بانگی بەرز ئەناڵێنێ وەکوو بولبول غەزەلخوانە
دڵی زارم بەدایم بەستەیی زنجیری گیسووتە وجوودی وەک کەتانم لەت لەتی شوعلەی مەهی ڕووتە
دڵم دایم کە وا زامارە ئەی شۆخی دڵئازارم هەمیشە خەستە و مەجرووحی شمشێری دوو ئەبرۆتە
وەکوو شەمع ئەر دەمێ ئەگریم و گاهێ وام لە شەوقا من هەموو سیحر و دەسیسەی عیلم و مەکری چاوی جادووتە
لە بازاڕی مەحەببەتدا من ئێستا زۆر بە سەرمایەم ڕەقیبی سەگ سیفەت ئەلحەمدولیللا ئێستە تابووتە
بچۆ بیمارخانەی عیشقی ئەو شۆخە تەماشا کە لەلایێ ناڵە و دەنگی نەخۆشە، لایێ تابووتە
ئەگەر سەد ساڵ جەفا کەی دڵبەرا من بەندەفەرمانم کە چونکە من ئەزانم دائیمەن بەدخوویی هەر خووتە
نیگارم تووتییە بۆ خۆشزوبانی و لەنجە و عیشوە ئەما حەیفێ کە ئەو شۆخە لەگەڵ زاغی سیا جووتە
ئەگەر ئەحمەد بەدایم عاشقی مەجنوون سیفەت ڕووتە مەکە مەنعی هەموو تاوانی شەوق و شوعلەیی ڕووتە
غەزالەی چینە یاخۆ پیاڵەیی سەهبایە ئەو چاوە شەڕابی نابە یاخۆ نێرگسی شەهلایە ئەو چاوە
ئەرێ مایەی حەیات و قووتی ڕۆحە لێوی ڕەنگینت وە یا غارەتگەری دینی فەقێ و مەللایە ئەو چاوە
موسەللەح بوو بە موژگانی سیاهـ و تیغی دوو ئەبرۆ مەزەننە مایلی فیتنە و شەڕ و دەعوایە ئەو چاوە
بە گۆشەی چاوی تۆ نابن ستارەی تارمی ئەفلاک لەسەر ئەرز و سەما بێ میسل و بێ هەمتایە ئەو چاوە
بە تیغی ئەبرووان و تیری موژگانی سیاهی خۆی لەبۆ قەتڵی دڵی عاشق، چ بێ پەروایە ئەو چاوە
غوڵامی ئاستانەت ئەحمەدی بێچارەیە جانا شەهی ئیقلیمی حوسن و ئامیر و مەولایە ئەو چاوە
خوا چی بکەم لەدەس جەور و جەفای ئەو شۆخە بێباکە چ دڵڕەنجێن و غەددارە چ مەحبووبێکی سەففاکە
وتم بەو تیغی ئەبرۆتە دڵم لەتلەت بووە قوربان کەچی فەرمووی ئەگەر بیشتکوژم تۆ هەر بڵێ چاکە
لە عیشقی خوبڕوویان مەنعی من هەرگیز مەکە واعیز بە دەستی خۆم نییە بەخوا ئەمە دەردێکی زگماکە
بەڵێ بازاڕی دەهرە وا یەکێ سۆفی یەکێ شێخە یەکێ جێگەی خەراباتە یەکێ بێهۆشی تریاکە
بەسەر شانا کە وەختێ ڕادەکێشێ زوڵفی پڕچینی لە پێش چاوی منی سەودازەدە وەک ماری زوححاکە
دڵم دەرهات و ئەو دڵدارە بێ ڕەحمە نەهات ئەمشەو چ بەختێکی ڕەش و نەحسم هەیە توخوا تەماشا کە
لە ڕۆژی حەشر ئەگەر خوێنم لە تۆ داوا بکەن جانا فیدای ئەو لێوە بم شاهید نییە لەو جورمە حاشا کە
لە دنیادا ڕەفیقیی پیاوی کەر هەرگیز مەکە ئەحمەد لەدەست ئینسانی جاهیل تا قیامەت پڕ بە پێ ڕاکە
دوێنێ دڵبەرێکم دی کە وەک شمشادی بوستانە سوئالم کرد کە بۆ چی ڕووت ئەڵێی مانگی درەخشانە
ئەوە مەمکە وە یا نارنجە یا سێوی خوراسانە ئەوە ڕووتە وە یا مانگە وە یا خورشیدی تابانە
ئەوە موژگانی تۆیە یا وەکوو تیرێکی دڵدۆزە ئەوە باڵایی تۆیە یا بە قوربان سەروی بوستانە
ئەوە دەمتە نیگار یا نوقتەیی مەوهوومە ئەی دولبەر ئەوە لێوە وە یا یاقووتە یاخۆ قووەتی جانە
ئەوە زوڵفی ئەتۆیە وا لەدەوری ڕووت ئەدا حەڵقە وە یاخۆ زوڵمەتی کوفرە لەدەورەی نووری ئیمانە
ئەمن بولبول، ئەتۆ گوڵ، سا بکە ڕەحمێ بە حاڵی دڵ لە داخی خاڵی ڕووی تۆ حاڵەکەم یەکجار پەرێشانە
سەرم وەک گۆ لە جێگەی بازییا داناوە ئەی جانا سەری زوڵفت لەبۆ چەوگانی بازی میسلی چەوگانە
بە حەرفی موددەعی قوربان لە من عاجز نەبی چاکە ڕەقیبی سەگسیفەت حیلە و دەسیسەی میسلی شەیتانە
دڵم هاوینسیفەت بۆ دیدەنیی یار گەرمە ئەمڕۆ من ئەما یارم لەئاستی من ئەڵێی سەرمایی زستانە
مەدوو ئەحمەد بەخۆڕایی، لە تەعریفی نیگاری خۆت هەموو عالەم ئەزانێ دڵبەرت سەرخێڵی خووبانە
باعیسی کەیف و سرووری من شەراب و بادەیە مایەیی ژین و حەیاتم ساقی پێکی سادەیە
ئەشکی چاوی من شەڕابە، قەلبی زارم وەک کەباب فەرموو تەشریف بێنە جانا بەزمەکەت ئامادەیە
نایەوێ ئەسڵەن ڕەفیقی من نیگاری نازەنین من فەقیر و ڕووت و قووتم، ئەو نەوەی شازادەیە
خوێنی سیاوەحشە بە قوربان ماچی لێوی ئاڵی تۆ چی بوو تا کەی نابڕێتۆ ڕۆحەکەم ئەم مادەیە
هێندە عاجز بوو لە من ئەو شۆخە ڕووی گێڕایەوە بوو بە هاوڕازی ڕەقیب ئیشم گەیشتە ڕادەیە
گیانەکەم قوربانی تۆ بم تۆ بە شمشێری برۆت بیکوژە ئەحمەد ئەگەر چی مردنی بێ وادەیە
بانگی کوردستانە وا دنیایی ئیحیا کردەوە زامی قەلبی کوردی بێچارەی موداوا کردەوە
باعیسی پێشکەوتنی ئەم قەومەیە ئەو مەتبەعە ئەلحەق ئەمڕۆ خاکی کوردستانی زێبا کردەوە
سەد شوکور وا لەشکری عیرفان و عیلم و عاقڵی شاری پڕشۆری جەهالەتیان کە یەغما کردەوە
لایقی تەحسین و فەخری قەومی کوردە چونکە وا ئەم جەریدە پیر و فەرتووتیشی بوڕنا کردەوە
بانگ و هاوارێکی بەرزە بانگی کوردستان ئەکا مێشکی دنیای پڕ لە دەنگ و شۆر و غەوغا کردەوە
ژەنگ و تاریکیی جەهالەت وا لە دڵدا دەردەکات قەلبی مەحزوونی هەموو کوردی موسەففا کردەوە
لاچووە تاریکییی هەوری جەهالەت ئێستەکە نەجمی ئیقباڵی هەموو کوردانی ڕەخشا کردەوە

بانگی کوردستان، ژمارەی ٣
1922/08/21

بۆچ زەمانە هەر لەگەڵما مەیلی غەدداری هەیە بۆچ فەلەک دایم خەیاڵی مەردوم ئازاری هەیە
زاڵمە بێ مروەتە خەسمی کەسانی عاقڵە فیتنەیە ئەو کافرە هەر مەیلی خونخواری هەیە
من نەخۆش و خەستە و زارم لە ڕۆژێکۆ کە وا چاوی مەخمووری نیگارم مەیلی بیماری هەیە
من خەیاڵی گەردنی ساقی و مەی و بادەم بەسە خواجە هێند بێ عەقڵە هەر دەردی جلوباری هەیە
تەرکی دین و مەزهەبم کرد من کە دیم زوڵفی نیگار حەڵقە حەڵقە و پێچ پێچە شکڵی زونناری هەیە
تەرکی کە توخوا ڕەفیقیی زاهیدی بێ عەقڵ و هۆش چونکە ئەو شێت و نەزانە عیللەتی ساری هەیە
خوێنی پاکی لاوی کوردانە ڕژاوە کێو و کەژ بۆیە وا ئێستاکە سوورە، ڕەنگی گوڵناری هەیە
بۆ دڵم خۆش بێ بە ڕەنگی ئەم بەهارە فەسڵی ئەو من موحەققەقمە ئەمیش هەر شێوەکەی پاری هەیە
شێت و شەیدا بە ئەگەر وەسڵی نیگارت مەتڵەبە دوژمنی ئەو شەخسە بە وا بەختی هوشیاری هەیە
دەستەئەژنۆ قوڕبەسەر گریانە پیشەی ڕۆژ و شەو ئەحمەدی بێچارە عیشقی شیوەن و زاری هەیە
بێ وەفا مارف بەجارێ بۆچ لەبیرت چوومەوە بۆ چی نازانی ئەمە چەن ڕۆژە من هاتوومەوە؟
ئەی نەفام چۆن شێر ئەسیری پەنجەیی ڕێوی ئەبێ؟! شاهبازت دیوە تا ئەمڕۆ بە چنگی بوومەوە؟!
هاتمەوە بەڵکوو کە چەن وەقتێ لە غەم فارغ ببم چاوی فەتتانیم کە دی دیسان لەسەر خۆ چوومەوە
ئەهلی ئەم شارە لە وەقتێکۆ کە تۆ ون بووی لە من مات و بێ دەنگن بە شێخ و جوولەکە و مالوومەوە
زۆر ئەترسم تۆ نەبینم یا بڕۆمۆ چاوەکەم ناموراد و دەربەدەر بم بەم دڵەی مەحروومەوە
پێی وتم ئەحمەد لەبەر چی قامەتت وا خەم بووە بۆ چی ئێستاش وای بە داخی تاقەکەی ئەبروومەوە؟
بە بەردی فیرقەتت شیشەی دڵی بێچارە مەشکێنە لەناو زومرەیی ڕەقیبان عاشقی ئاوارە مەشکێنە
ئەگەر ڕۆح و دڵ و ئیمان تەڵەب کا بیدەرێ عاشق کە تیفل و خوردساڵە قەت دڵی ئەو یارە مەشکێنە
دەخیلم ئەی نەسیمی سوبحگاهی مەسکەنی دڵمە پەرێشانی مەکە تۆ زوڵفی ئەو نازدارە مەشکێنە
بە قەتڵ و کوشتنت موختارە عاشق شۆخی شیرینت لەسەر ڕۆح و دڵت فەرمانی ئەو سالارە مەشکێنە
کە من پەروانەیی شەمعی سەری دوو کوڵمی تۆم جانا دڵی ئەحمەد بە فیتنەی ئەو سەگی پەتیارە مەشکێنە
بە خوا شیشەی دڵم دایم لە بادەی عیشقی تۆ کەیلە لە داخی سەروی باڵات ئەشکی چاوم هەر وەکوو سەیلە
موحەققەق دڕک و داڵی دەشتی بەکراوا بە گوڵ نادەم کە چونکە جێگەیی ناز و خەرامی حەزرەتی لەیلە
نیگار سالاری موڵکی نازکی و حوسنە لە عالەمدا لە زومرەی ماهڕوویانا شوکر ئەو ماهە سەرخەیلە
ئیتر با قوڕبەسەر من دەستەئەژنۆ گۆشەگیری کەم ئەڵێن یاری دڵ ئازارم لە حەق ئەم بەندە بێ مەیلە
لە سایەی تیغی ئەبرۆی تۆوە جێگەی جەننەتە ئەحمەد ڕەقیبی سەگ سیفەت الحمد لله مەسکەنی وەیلە
بە میراتی لە دڵمۆ داغی ڕەش بۆ لالە جێ ماوە کە وەقتێ سەوز ئەبێ ئەو بۆیە وا ناو جەرگی سووتاوە
بە سۆز و ناڵە دەنگی بولبولێ من دێتە گوێم ئەمشەو مەزەننە شیوەنی بۆ عاشقێکی تازە کوژراوە
وتی شێتی کە باڵای من ببێ تۆ سەیری عەرعەر کەی لە جێیێ زوڵفی من بێ بۆ چی تۆ چاوت لە لاولاوە
فیدای ئەو زوڵفە بم وەک سونبولی تەڕ سەر هەتا پێی تۆ لەدەوری قامەتی سەروت بە پێچ و حەڵقە ئاڵاوە
سبەینێ چوویە باغ و خاڵی ڕووی تۆی دی خەجاڵەت ما وەنەوشە بۆیە ملکەچ ئێستە وا مەحزوون و داماوە
چلۆن تەیری دڵم ڕزگار ئەبێ جانا لە دەستی تۆ کە خاڵت دانەیە و حەڵقەی ئەسیری زوڵفی وەک داوە
تەمەننام کرد کە ماچێ تو کەرەم فەرمووی بە بەندەی خۆت وتی بێ دەنگ بە نابینی ڕەقیب لەولاوە وەستاوە
وتم تا کەی لە حەق من چاوەکەم تۆ بێ وەفا و مەیلی وتی نازانی ئەحمەد ئێستەکە بێ مروەتی باوە
بەهارە ئەمڕۆ، وا کێو و بیابان گشتی ڕەنگینە هەموو فەڕشی چەمەن ئێستە لە دیبائی ڕەیاحینە
گوڵە، گوڵباغە، سەوڵە، نێرگسە، شمشادی بوستانە وەنەوشە و شەستپەڕ و گوڵ ئاتەشین و سەرو و نەسرینە
هەموو کەس دەستی یاری خۆی لەناو دەستا لە گوڵزارا بە دەنگی بەربوت و چەنگۆ خەریکی بادەنۆشینە
بەغەیرەز من نەبێ ئەمڕۆ لە گۆشەی حوجرەیی تاریک هەمیشە دەستەئەژنۆم و بەشم گریان و هەم شینە
گرفتارم بە دەردی عیشقی دڵدارێ کە وا ئەمڕۆ بە خوێنی عاشقان دایم بەری پێی سوور و ڕەنگینە
لە عیشقی یاری غەدداری دڵئازارم هەموو ئانێ ڕوخم زەرد و سەرم گێژ و دڵیشم مات و غەمگینە
دڵم بۆ باغی ڕووی ئەو بولبولئاسا زۆر پەشێو حاڵە ڕەهی مەسدوودە چونکە زوڵفەکانی میسلی پەرژینە
لەبۆ سەیدی دڵی عاشق هەمیشە ڕشتەیی زوڵفی شکەنج و پێچ و تاب و حەڵقەحەڵقە و پڕ خەم و چینە
ئەمن ئەمڕۆ لە عیشقا جێنشینی تەختی فەرهادم نیگاری نازەنینیشم لەسەر ڕەفتاری شیرینە
ئەگەرچی تۆ نەخۆش و زار و بیماری ئەما ئەحمەد لە لەعلی لێوی یار ماچێ لەبۆ ئەم دەردە تەسکینە