310499دیوانی ئەدیب — پیتی ە1932ئەدیب
سەرفی عومرم کرد چو ڕەمماڵان بە زەوج و فەردەوە وا لە دووی دەرمانی دەردی قەلبی غەم پەروەردەوە
کوشتەیی لەعلی لەبی لەیلایی ئەحمەرچوردەوە تا بە کەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە
دەس بەئەژنۆ، قوڕبەسەر، دایم بە ئاهی سەردەوە
سەیدی داوی زولفی تۆم بۆ چی دەبێ بێگانە بم بێ خەتا، کووکووزەنان، مەحبووسی ئەم وێرانە بم
بۆ تەماشای ڕووت عەزیزم، چاکە بەس بێگانە بم ڕۆژی ئەووەڵ بوو کە زانیم من دەبێ دێوانە بم
عاشقی تۆ، نەوعی مەجنوون وا بە کێو و هەردەوە
شیفتە و حەیرانی یارم، وا مەزانە غافڵم عەندەلیبی پڕ فوغان و ناڵەیی زاری گوڵم
چاکە ئینسافت هەبێ، جارێ دەڵێی: من عادڵم مەڕحەمەت کە زوو بڕۆ قاسید بڵێ دەردی دڵم
نازی پاپۆچت ئەکێشم من بە تۆز و گەردەوە
گیانفیدایی غەمزەیی خاڵ و خەتی سیحرافەرین دڵبەرا شادیم لە دڵ دەرچوو، غەمت بوو جێنشین
چاوەکەم ساتێ کەڕەم کە ئەی غەزاڵەی نازەنین هەر وەکوو قەوس و قەزەح با دەس لە گەردن دانیشین
تۆ بە سوخمەی ئاڵ و سەوز و من بە ڕەنگی زەردەوە
موژدەیی وەسڵت لە بۆمە کەی دەنێری ئەی سەنەم داستانی شەرحی هیجرانت لە خدمەت کەی بکەم
دائیمەن پەژموردە، ناشادم، غەریقی بەحری غەم یەک نەفەس چاکی نەهێنا کەعبەتەینی بەختەکەم
شەش دەرم گیراوە داماوم بە دەستی نەردەوە
بێنەوا و دەردمەند و دەربەدەر، سەرگەشتە خۆم بۆتە زیکری ڕووی لەتیفت، ویردی قەلبی گفتوگۆم
نامەوێ مڵکی عەجەم یا پادشایی خاکی ڕۆم چونکی من پەشماڵی باڵا و بۆسەچینی کۆڵمی تۆم
چی دەکەم ئیتر لە سەیری باخ و بێنی وەردەوە
ڕوویی خوێنڕێژت وەدەرخە، حاجەتی خوودی نییە حەلقەیی زولفت نەزیری دەرعی داوودی نییە
هەر وەکوو دەردی ئەدیبی ڕوویی بێهبوودی نییە ئیلتماسی (تاهیر)ی بێچارە قەت سوودی نییە
تۆ کە دایم شەڕفرۆشی بەو دڵەی وەک بەردەوە
نایل بوو بە شیعرت، دڵی پڕ حوزنی شەبانە قوربانی وجودت حەشەم و مڵک و خەزانە
دوو ساڵی تەمامە چ لە ڕوودا، چ غیابی ئیخلاسی عەقیدەم بە تۆ بێ ڕەیب و گومانە
لەو وەجهە سەناخوان و موریدم بە جەنابت عاری لە عەبا و سەبحە و میسواک و نیشانە
ئەو پەردە لەبۆ موفسدی وەک تۆ گەلێ سەیرە کەودەن کوڕەیی هەرزەچەنەی لووسی ژنانە
لەم سەرحەدە بیستووتە یەقینەن بە تەواتور چەند کەس کە دەناڵی لە بەر ئەو تیر و کەوانە
في الجمله کە سەرفی نەزەرم نابێ لە ئەستی هێلکێکی لە نێو - دەیکەم بە نیشانە
حازر دەبم ئەو سێشەمە، بۆ قیسسەیی مەعهود بێ نیازی دەکەم بابێ بە بێ عوزر و بەهانە
عەهدم ئەوەیە نابێ لەسەر -ی وەلاچم سەد جار بناڵێنێ بە هاوار و فوغانە
کارم ئەوە بی موددەیی دەی ماهی جەلالی کلکی بکەمە بەیڕەقی ئوردوویی شەهانە
لەو عەشرەتە وا چاکە کە وا خانی برای بێ ئامادە بە تەنبوور و بە سێ تار و چەغانە
مەعلومە کە ئەستی بە ئەسڵ مەنگورە، کەردز، پێی خۆشە تەقازا و حەڕەکەی بولهەوەسانە
چون زۆر نییە، شاعیری تەبعێکە خوداداد کێشەی تۆ دەگەڵ من بە خودا خەبت و زیانە
بێ دەنگ بە مەلا مینە، بە کوردی ئەدەبت بێ بۆ هەجوی بە بێ پەردە، ئەدیب شێری ژیانە
لاحەولە لە سەر تا بە قەدەم دڵبەر و شەنگە بۆ جەزبی دڵی عاشقی عیشقت چو نەهەنگە
پەنجەت کە بە خوێنڕێژی دەڵێی شێر و پڵنگە ئەی پڕتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی هەمە ڕەنگە
خاڵت بە مەسەل زولفی سیاهت شەوەزەنگە
ئاشووبی زەمەن، زیبی چەمەن، سونبولی خۆشبوو گێسووی و برۆی نازر و حەیرانە بە هەرسوو
ئەی سەروقەدی سیمتەن و مەهوەشی گوڵڕوو بەزم و تەرەب ئامادەیە، ساقی مەیێ فەرموو
دەنگی دەف و ناڵەی نەی و ئاوازەیی چەنگە
بیمارە دڵم، تەنگە وەکوو غونچەیی زارت بوو باعیسی مەخمووریی من، چاوی خومارت
خەجڵەت دەرە بۆ حۆر و پەری، حوسنی ویقارت سەد نامی خودا بێ لە دوو پوستانی ئەنارت
گرد و شلک و ناسک و پڕ چەنگ و قەشەنگە
جارێکی لە عوششاقی نەپرسی چییە حاڵی دووری تۆ دەچێژێ، بەسە ژەهر و خەم و تاڵی
بێچارە بە تیری تۆ بریندارە، دەناڵی لێوت کە وەکوو لەعڵی بەدەخشانە بە ئاڵی
گەنجوور و نگەهبانی دەهان و دەمی تەنگە
ڕووت شەمسە، کە سەر تازە وەدەر دێنی لە خاوەر شوعلەی لە سەر ئافاقی مەلاحەت وەکوو داوەر
فەرماندەیی ئەبرۆیی خەمت، ئامیر و یاوەر تابووری موژانت لەگەڵ ئەگریجە بەرابەر
وەستاوە ئەڵێی لەشکری ژاپۆن و فەڕەنگە
چاوم کە لە موشتاقیی ڕووت بۆتە بە دەرمان وا چاوەڕێ و والە و گریانە، دوڕئەفشان
مەزڵوومە، ئەسیری تووە، مەحکوومە بە فەرمان مورغی دڵم ئەر خەستە و خوێنینە بە قوربان
پێکاوی موژەی تۆیە، نە کوژراوی تفەنگە
ڕووت جەننەت و حوسنت مەلەک و ساحرییەت جن بۆ هاڵەیی دەوری قەمەرت کافر و موئمن
ناوەستێ لەبەر تیری موژەت جەوشەنی ئاسن چاوت بە مەسەل ئافەتی دڵهایە، وەلاکین
بۆچ وایە کە ئەبرۆیی کەچت مەیلی بە جەنگە
بۆ دیتنی ئەم ڕۆژە زەمانێکە لە سەر ڕێم قەولی، لە کەڕەمدا، بەمە فەرموو کە شەوێ دێم
حازر بێ مەی و ساقی و پەیمانە لەگەڵ جێم عاجز بوو کە ڕووم خستە بەری پێی و وتی پێم:
ئەی ئەبلەهە کەی ماڵشی ئاوێنە بە سەنگە
بەو شەهدی لەبت تفڵی دڵم چون بووە موعتاد حەیرانە بە کێوی غەمەوە عاجز و ناشاد
یەکدەم بە دەمی خونچەیی شیرینی بکە یاد سەرگەشتە و ئاشوفتەیی ئەشقم وەکوو فەرهاد
کێوم بەدڵ و سینە و سەر، پەنجە قوڵنگە
ئینسافە! بە هەوری وەرە ئەم پەردە مەپۆشە بەم نەرگسی شەهلا، بەسە عیشوە مەفرۆشە
باکی چ بە شیرینە، ئەدیب مایلی نۆشە مەنعی مەکە، «تاهیر» کە ئەگەر مات و خەمۆشە
دێوانەیی ڕووی تۆیە نە مەستی مەی و بەنگە
ڕووت شەمسی تەمووزە هەموو پڕ تابش و تاوە ئەگریجەیی چین چینە لە ڕووت پەخش و بڵاوە
حەیرانی دەمت بم بە مەسەل شووشە گوڵاوە قوربانی دوو زولفت کە دەڵێی سونبولی خاوە
مەیلت ئەوە چەند ڕۆژە لەسەر وەعدە نەماوە
ڕۆژێ نییە مەستانە کە عەهدت نەشکێنی وەک کاهڕوبا ئەو دڵی مسکین نەڕفێنی
وەک قەوس و قەزەح ساتێ بە ڕەنگێ دەنوێنی بێ گیان، بەدەنی خەستەجگەر! بۆ چی دەمێنی
وەک شووشەیی ناسک دڵی بێچارە شکاوە
پێم فەرموو: گوناهم چییە ئەی سەروی دڵارام چیدی مەکە دڵڕەنجە ئەسیری منی ناکام
کوا تاقەتی ئەو جەورە هەموو تاب و توانام ئەبرۆیی کەچت حاڵی دەمی مەرگی نیشان دام
تەهدیدی سەری تیری موژانت بە عەلاوە
ئاوارە و خونخوارە، مەگەر وامقی عەزرام لۆمەم چ دەکەن، کوشتە و سەرگەشتەیی لەیلام
غەرقی غەم و سەوداسەر و ئاشوفتە و شەیدام بۆ دانەیی خاڵت بە فریو چووم، دڵی کێشام
سەرتاسەری دەورەی قەمەرت، دانە و داوە
سێوی چەنەگەت، ئاوی حەیات و چەهی زەمزەم ئەی گیانی عەزیزم بە فیدای ئەو سەر و پەرچەم
ئەوڕۆکە دەڵێم خاکی هەموو دەر وەسەرم کەم پرسیم: چییە دەرمانی برینی دڵی پڕغەم؟
فەرمووی کە دەوای سەهوە ئەدیب کاری کراوە

هەجوی میرزا عەلی

مەعلوومە کە لەم مەفسەدە کێ ئەسس و ئەساسە تەرزی مەسەلە، جێی سمی کەر، چنگی هەیاسە
وا نیمە بە کوردی، تەڕەفی خۆم کە نەناسم ڕووی دیارە لەبن پەردە، وەکوو ئاسوپەڵاسە
مەعلوومە بە قووەی کلک ئێسک دەشکێنێ بێچارە برایم نییە، بەو هۆش و هەواسە
بێ سڕ نییە ئیخفایی تەخەللوس لە هیجادا جاکێشیی و گەووادییە ئەم ترس و هەراسە
هاجی تەڕەفی من، کەرە، مونشی بێ چ کاتب هێند ئەحمەقە، بۆی واجبە مەهمیز و قەراسە
بێ تەبع و هەوایە، بە کەری بێتە مەسافم شیعرم وەکوو شێست تیرە، موقابیل بە مەساسە
نامونتەزەمە، شیعری نەفامانەیی جاهیل وەک جندە موباهاتی بە گاندان و لیباسە
تەبعی کەچی وەک جەوهەری جوو بوو وەدەری خست گەر چاری نەما جندە سیلاحی کەتەداسە
تەعقیبی مەکە چیدی ئەدیب، بەم قەڵەمی هەجو دوژمن کە بە ئەو تەعنە لەنێو ژانی نیفاسە
چاوەکەت مەستە بە ناحەق فێری مەیخانەی مەکە لێی گەڕێ مەمنوونی بەزمی دوردی پەیمانەی مەکە
زولفی سازاوت دەسا تەرتیب و چینی تێک مەدە حەیفە تووشی جەوری ڕێش و کێشی لەرزانەی مەکە
پەرچەمت جێی ئاشیانەی بولبولی تەبعی منە چونکە ئێشکچی شەوە، تۆ مەنعی هێلانەی مەکە
گەردنم پێی خۆشە حەڵقەی تای تەنافی زولفەکەت چاوەکەم ئیتر حەواڵەی تۆق و زۆڵانەی مەکە
دڵ بە مەیلی خۆی دەمێکە عاشقی باڵاکەتە تۆخودا مائیل بە غەیری خۆت و بێگانەی مەکە
هەر لە ئەووەل تۆ دڵت بردم بە نازی چاوەکەت تازە فێری ڕاهـ و ڕەسم و تەبعی پەروانەی مەکە
عاشقی خونچەی دەمت تاکەی دەبێ ئاوارە بێ مەحڕەمی ڕازە، حەواڵەی چۆڵ و وێرانەی مەکە
هەر بە ڕەسمی دیدەنی باسێکی نایێنی دەمت دڵبەری وا نابێ عەیبە نانەجیبانەی مەکە
خۆت دەزانی وەک ئەدیب کەس بەندەگی پێ ناکرێ وا بە ڕیسوایی لە ناو ئەم خەڵکە ئەفسانەی مەکە